رووداو دیجیتاڵ
دواجار چاوەڕوانی کریستیانە کاسۆلیکەکان کۆتاییهات و پاپای نوێ هەڵبژێردرا. رۆبەرت پریڤۆست، یەکەم کاردیناڵی ئەمریکی لە بالکۆنی کەنیسەی سانت پیتەر دەرکەوت و ئەو ئەرکەی پێسپێردرا.
گۆڕەپانی سانت پیتەر، ئەو شوێنە بوو کە هەزاران کریستیانی کاسۆلیکی جیهان بە منداڵ، گەنج و پیر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی راگەیاندنی ناوی پاپای نوێ بوون. هەندێکیان چەتریان هەڵدابوو و هەندێکیشیان لەسەر زەوی پاڵکەوتبوون.
دەرکەوتنی دووکەڵی سپی و بەدوایدا پاپای نوێ، فرمێسکی خۆشی لە چاوی بەشێک لە کریستیانەکانی گۆڕەپانەکە هێنا.
پیرۆزبایی لە پاپای نوێ، ئەو رووداوە بوو کە زۆرترین سەرکردەی جیهان کۆک بوون لەسەری و بەڵێنیان دا لە پرسە جیهانییەکان لەگەڵ کەنیسەی کاسۆلیکی کار بکەن.
پاپا رۆبەرت پریڤۆست، نازناوی لیۆی هەڵبژارد و بەمەش دەبێتە 14ـەمین پاپا ئەو نازناوە هەڵبژێرێت. لیۆ بووە 267ـەمین پاپای کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان.