رووداو - ئۆکراینا
دوای چوار ساڵ لە دەستپێکردنی گرژییەکانی ئۆکرانیا و راکردنی یانکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، کۆشکەکەی کراوەتە مۆزەخانە و نزیکەی دوو ملیار دۆلاری تێدا خەرج کراوە.
مێژیهیریا، ناوچەیەکی سەرنجڕاكێشی ئۆکراینایە کۆشکێک لەو ناوچەیە دروستکراوە، دار و درەختێکی زۆر، دەریاچە و فوارەی جوان هەن، بەڵام ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، مەبەستیانە بچنە ناو کۆشکەکەشەوە و هەندێک شتی سەرنجڕاكێشی تێدا ببینن، لەوانەش قادرمە مەڕمەڕییە رەنگ شینەکانی و پیانۆ سپیەکەی و کەلوپەلە گرانبەهاکانی.
خاوەنی ئەم موڵکە ڤیکتۆر یانکۆڤیج، سەرۆکی پێشووتری ئۆکراینا بوو، کە لە شوباتی 2014ـدا ئۆکراینای بەجێهێشت و رووی کردە رووسیا، لەو کاتەوەش هەزاران گەشتیار سەردانی کۆشکەکەیان کردووە.
پرایم مۆرفی، گەشتیارە و روویکردووەتە کۆشکەکە، ئەو دەڵێ "پێموایە سەرنجڕاكێشە، بەڵام نیگەرانم لەوەی ئەو هەموو پارەیە خەرجکراوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو راستیە لەبەرچاو بگریت کە لە ئۆکراینادا ژمارەیەکی زۆر هەژار هەن".
لە ساڵی 2002ـدا یانکۆڤیج چووە ناو ئەم موڵکەوە، ئەوەش کاتێک بووە سەرۆکوەزیران. دواتر لە ساڵی 2010 بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا و تاوەکو ساڵی 2014 و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی لە دەسەڵاتدا بوو.
ئەلێکس ئایڤیرۆڤ، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێ "یانکۆڤیج لەوانی دیکە جیاواز بوو لەوەی کە هەموو شتێکی دزی. دەوڵەمەندە دەسەڵاتدارەکانی دیکە هەندێک کاریان دەکرد، بەڵام یانکۆڤیج سیاسەتمەدارێک بوو کە پارەی دەدزی. ئەوەی راستی بێت، خانووەکە وەک کۆشک وایە و هیچکات کەسی ئاسایی لێرە ناژیت".
پیترۆ ئۆلینکیک یەکێک لەو کەسانە بوو، کە دوای دوورخستنەوەی یانکۆڤیج لە دەسەڵات زوو چووە ناو کۆشکەکەوە. دوای تێپەڕینی چوار ساڵیش بەسەر ئەو کاتە، ئێستا ئۆلینکیک وەک رێبەرێکی گەشتیاری لەم شوێنەدا کاردەکات.
پیترۆ ئۆلینکیک دەڵێ "بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لەم موڵکەدا خەرجکراوە. بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە خەرجی رۆژانە لەم کۆشکەدا نزیکەی 100 دۆلار بووە و نزیکەی چوار ملیۆن دۆلاریش خەرجکراوە بۆ ئەوەی موڵکەکە بۆ خۆی بمێنێتەوە".
لە ساڵی 2017دا و بە بڕیاری دادگا کۆشکی مێژیهیریا کرایە موڵکی دەوڵەت. ئێستاش حکومەت بایەخی زیاتر بە مێژیهیریا دەدات بۆ ئەوەی بیکاتە ناوچەیەکی سەرنجڕاكێشتری گەشتیاری.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ