رووداو-هەولێر
رێکخراوی "لێبوردنی نێودەوڵەتی" داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات دەستبەجێ لەسێدارەدانی پلان بۆ دانراوی دوو کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەستێنن.
رێکخراوەکەی بواری مافەکانی مرۆڤ ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، زانیار مورادی و لوقمان مورادی ئامۆزا لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تاوانەدا ناوە دراوەتە پاڵیان کە کوشتنە، و بەردەوامیش داواکارییەکانیان بۆ چاوخشاندنەوە بە کەیسەکانیاندا رەتکراوەتەوە.
فلیپ لوسەر، بەرپرسی بەشی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای رێکخراوی "لێبوردنی نێودەوڵەتی" گوتی، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ زانیار مورادی و لوقمان مورادی زۆر جیدین، بەڵام دادگاکەیان دوور لە دادپەروەرییەکەیان تەنیا 20 خولەک بەردەوام بووە.
لوسەر داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پلانی لەسێدارەدانی ئەو دوو کوردە دەستبەجێ رابگرێت و دادگاییان بکاتەوە، بەجۆرێک دادگاکە بە گوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت.
بەرپرسەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت بەرپرسانی ئێران لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی ئەو دوو کوردە بکەن و سزای هەر کەسێکیش بدەن بەرپرس بووە لەو ئەشکەنجەدانەدا.
زانیار مورادی لە 1ی ئابی 2009 و لوقمان مورادی لە 17ی تشرینی یەکەمی 2009 لە شاری مەریوان لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستگیرکران و بەوە تۆمەتبارکران کە بەرپرس بوون لە کوشتنی کوڕی مەلا مستەفا شێرزادی پێشنوێژی جومعەی مەریوان لە رۆژی 4ی تەمموزی 2009.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ