رووداو دیجیتاڵ
ژیکەڵ حەسەن ئەو خانمە کوردەی دیاسپۆرایە کە لەلایەک پارێزەرە و جلوبەرگی فەرمیی لەبەرە، لەلایەکی دیکەشەوە جلی وەرزشیی لەبەردەکات و پاڵەوانی ئەڵمانیایە بۆ لۆنگ بۆردینگ.
ژیکەڵ حەسەن، پارێزەر و پاڵەوانی لۆنگ بۆردینگ لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرای رووداو بوو و ئاماژەی بەوە کرد، یاریی لۆنگ بۆردینگ "خۆشترین یارییە" لای ئەو و پێیوایە مێشک ئاسوودە دەکات.
ژیکەڵ حەسەن خانمێکی زیرەک و پڕ جووڵەیە و دەڵێت، "لەبەر خاتری دایکم چوومە کۆلێژی یاسا و لە ساڵی 2020 بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە یاسا بەدەستهێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕوانامەکەم خستووەتە گیرفانم و هیچ کارێکی پارێزەرایەتیم نەکردووە."
ژیکەڵ جگە لەوەی پاڵەوانی ئەڵمانییە بۆ یاریی لۆنگ بۆردینگ، مامۆستای سەماش بووە و خول و مەشق بۆ فێرخوازانیش دەکاتەوە؛ لەوبارەیەوە گوتی: "لە ساڵی 2021ـەوە هەموو هاوینێک خولی لۆنگ بۆردینگ لە بەرلین دەکەینەوە و زۆربەی بەشداربووانی خولەکەش ژنن".
ژیکەڵ حەسەن تەمەنی تەنیا پێنج ساڵ بووە کاتێک لەگەڵ ماڵباتەکەی لە سلێمانیەوە چوونەتە ئەڵمانیا؛ ئەو دەڵێت، "سەرەتا بە یاریی سکەیتینگ دەستم پێکرد و دواتر خولیای لۆنگ بۆردینگم لەلا دروستبوو، بە ئەکادیمی یاریەکەم کرد و ئێستاش لە کاتی سەردانم بۆ خوێندنگە و خولەکان ئەزموونی ژیانی خۆم بۆ منداڵان دەگێڕمەوە و دەمەوێ ئەو خولیایە لای ئەوانیش دروست بکەم".
ژیکەڵ حەسەن کە زۆر حەزی لە گەشتکردنە، دەڵێت، لە هەموو گەشتەکانمدا یاریی لۆنگ بۆردینگ دەکەم و بەتایبەتی کاتێک چوومەوە کوردستان و لە سلێمانی بینیم شەقامەکانی زۆر گونجاون بۆ یارییەکە، هەستم بەوەکرد کە گەنجانی کوردیش دەتوانن ئەو یارییە بکەن و بۆیان گونجاوە".
ژیکەڵ حەسەن لە رۆژی هەشتی مارسدا میوانی دیاسپۆرابوو، دایکی وەک پاڵەوان و پشتیوانی هاتنەدیی خەونەکانی وەسفکرد و گوتی: "دایکم ژنێکی زیرەک و ئازایە، پشتیوانم بووە و بە گشتی ژنی کورد زۆر ئازان و کراوەن و دەتوانن هەموو شتێک بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ