فەرەنسا: هێرشەکانی سەر لوبنان ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەخاتە مەترسییەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران تێکدەدەن. هاوکات ئاشکرای دەکات کە وڵاتانی ئەورووپی لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارین بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە (9ی نیسانی 2026) لە بەرنامەیەکی رادیۆیی فەرەنسی (فرانس ئینتەر) نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "ئەم هێرشانە قبوولنەکراون، چونکە ئاگربەستە کاتییەکەی دوێنێی نێوان ئەمریکا و ئێران تێکدەدەن."
 
ئەم لێدوانانە دوای رۆژێکی خوێناوی دێن لە لوبنان. لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر نێوەڕاستی بەیروت و ناوچەکانی دیکەی لوبنان لانیکەم 250 کەس کوژران و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئاماری کوژراوانی رۆژی چوارشەممە، بەرزترین ئاماری یەک رۆژە لە لوبنان لە ماوەی زیاتر لە پێنج هەفتەی دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوە کرد کە هاوبەشە ئەورووپییەکان و وڵاتانی دیکە خەریکی "تەواوکردنی" پلانەکانیانن بۆ دامەزراندنی هێزێکی سەربازی بە مەبەستی یاوەریکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، کە بڕیارە راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەستپێبکات.
 
لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، ئەوەش دوای ئەوەی چەند کەشتییەک هێرشیان کرایە سەر و ئێرانیش هەڕەشەی کرد کە لە هەر کەشتییەکی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات. داتاکانی کۆمپانیای (Kpler) دەریدەخەن کە سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، رۆژی چوارشەممە تەنیا چوار کەشتی کە ئامێری شوێندۆزەرەوەیان پێبووە، بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ: تاوەکو "رێککەوتنە راستەقینەکە" جێبەجێ دەکرێت هێزەکانمان دەمێننەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دەوروبەری ئێران دەمێننەوە و پڕچەکتر دەکرێن، تاوەکو ئەو کاتەی "رێککەوتنە راستەقینەکە" بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت. لە هەمان کاتدا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشی زۆر گەورەتری کرد، ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت.