گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
"رۆژی سەرکەوتن" لە رووسیا و هەندێک وڵاتی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، گرنگترین جەژنی نیشتمانییە. هەموو ساڵێک لە 9ی ئایار یادی دەکرێتەوە وەکو نیشانەی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، ناسراو بە "جەنگی نیشتمانیی مەزن."
 
لە "جەنگی نیشتمانیی مەزن"دا لە ساڵانی 1941 تاوەکو 1945، یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات لانیکەم 27 ملیۆن کەسی لێ کوژرا.
 
لە رووسیا ئەم رۆژە وەکو رێزگرتنە لە قوربانیدانی ملیۆنان هاووڵاتیی سۆڤیەت لەو جەنگەدا. رێوڕەسمێکی گەورە لە "گۆڕەپانی سوور" لە مۆسکۆ بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت، هەروەها تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازە ونبووەکان دادەندرێت و رێزگرتن لە سەربازە دێرینەکان دەگیرێت.
 
هۆکاری ئەوەی کە "رۆژی سەرکەوتن" لە 9ی ئایار یادی دەکرێتەوە، ئەوەیە کە کاتێک ئەڵمانیا بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانی لە شەوی 8ی ئایاری 1945 واژۆ کرد [بە کاتی ئەورووپای ناوەڕاست]، لە مۆسکۆ کاتەکە پێی نابووە 9ی ئایار، هەربۆیە رووسیا 9ی ئایاری کردووە بە "رۆژی سەرکەوتن."
 
ئەم ساڵ بە بەشداریی سەرۆکەکانی نزیکەی 20 وڵات، رێوڕەسمێکی گەورە لە "گۆڕەپانی سوور" لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، یەکێک لەو 20 سەرۆکەی بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد؛ شی جینپینگ، سەرۆکی چین بوو.
 
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و ئەو رۆژەی بە جەنگی رووسیا - ئۆکرایناوە بەستەوە و گوتی، هەموو رووسیا پشتیوانیی "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە"ی بۆسەر ئۆکراینا دەکات.
 
لەپاڵ چەکە گرنگ و زەبەلاحەکانی وڵاتەکە، بۆ یەکەمجار درۆن لە مانۆڕەکەدا نمایش کرا، ئەمەش وەکو پیشاندانی گرنگییەکەی لە جەنگی چوار ساڵەی ئۆکراینادا.
 
11 هەزار سەربازی رووسیا بە ژن و پیاوەوە لە "گۆڕەپانی سوور" بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد، کە 1500 لەو سەربازانە بەشداریی جەنگی ئۆکراینایان کردووە؛ هەروەها خولەکێکیش بە بێدەنگی بۆ گیانی سەربازە کوژراوەکان وەستان.