رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا رایگەیاند دوو کەسی هەنگارییان دەستگیر کردووە، کە بە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی لەسەر شوێنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆمەتبار کراون.
رۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025، دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئۆکراینادا، دەزگای ئاسایش تۆڕێکی هەواڵگریی سەربازی هەنگاریی ئاشکرا کرد، کە چالاکیی سیخوڕی بۆ زیانگەیاندن بە دەوڵەتەکەمان کردووە."
دوای ئەوەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بە ئاشکرا پاڵپشتی مۆسکۆی کرد و رەتیکردەوە هاوکاری سەربازی بە ئۆکراینا بدات، ئەوەش ساردی لە پەیوەندییەکانی کیێڤ و بوداپێست دروست کردووە.
دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا دەڵێت، تۆمەتبارەکان پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ و ژنێکن، کە هەردووکیان سەربازی پێشووی هەنگاریا بوون و لەلایەن ئەفسەرێکی هەواڵگریی هەنگاریاوە رێنمایی کراون.
دەزگاکە دەشڵێت، پیاوەکە لەلایەن ئەفسەرە هەنگارییەکە پارەی وەرگرتووە و هەوڵیداوە دوو کەس وەکو سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیاری لە ئۆکراینا بدۆزێتەوە.
جگە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی هێزە سەربازییەکان، دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا دەڵێت، دوو تۆمەتبارەکە، "دەبووایە بیروبۆچوونی سیاسیی دانیشتووانی ناوچەکەیان لەبارەی چوونی سەربازانی هەنگاریا بۆ ناوچەکە وەرگرتبایە."
ئەگەر دوو کەسەکە، تۆمەکەیان بەسەردا ساخببێتەوە، ئەوا بە بەندکردنی تاهەتایی سزادەدرێن.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری، کە لە ساڵی 2001 لە ئۆکراینا کراوە، نزیکەی 150 هەزار هەنگاری لە هەرێمی زاکارپاتیای ئۆکراینا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ