گالەری

09-09-2025
26 Photos
رووداو @Rudawkurdish
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە کوپەرتینۆی کالیفۆرنیا، نەوەیەکی نوێی ئایفۆن و کاتژمێری ئەپڵ و ئایپادەکانی نمایش کرد. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم بەرهەمانە پێشکەوتنێکی گەورەن لە بواری تەکنەلۆژیادا، بەتایبەتی مۆبایلی (ئایفۆن ئایر) کە بە شۆڕشێکی نوێ دادەنرێت."
 
لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی بە کاتی کالیفۆرنیا (20:00 بە کاتی هەولێر) لە کۆنفرانسێکدا کۆمپانیای ئەپڵ ئەو بەرهەمانەی نماییش کرد کە بەکارهێنەرانی چەندین مانگە چاوەڕوانین. 
 
تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ بە روویەکی خۆشەوە هاتە سەر ستەیج و سەرەتا باسی لە گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و رۆڵی ئەپڵ لە پێشەنگایەتیکردنی ئەم بوارەدا کرد.
 
دواتر کوک بە دەستێک مۆبایلی (ئایفۆن ئایر)ی نمایش کرد و گوتی: "ئەمە تەنیا مۆبایلێک نییە، بەڵکو جۆرێکی نوێی خێرایی و داهێنانە."
 
ئایفۆن ئایر بە دیزاینێکی تەنک و شیک، کێشێکی سووک و کامێرایەکی پێشکەوتوو، سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی راکێشا. بە تایبەت کامێراکانی کە بە سێ لێنزەوە دیزاین کراون و توانای گرتنی وێنەی زۆر کوالێتیی بەرز و ڤیدیۆی 8Kیان هەیە.
 
هەروەها کوک ئاشکرای کرد کە ئایفۆنە نوێیەکان بە پڕۆسێسەرێکی زۆر خێرا و توانایەکی زۆری ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراون، کە بەکارهێنەران دەتوانن "ئەزموونێکی بێوێنە" لە بەکارهێنانیدا بەدەست بهێنن. پاتریی (ئایفۆن ئایر) بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر کار دەکات و کێشەی تەواوبوونی خێرای پاتری ناهێڵێت.
 
لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکان، ئەپڵ نەوەیەکی نوێی کاتژمێری ئەپڵ (Apple Watch) و ئایپادەکانیشی ناساند کە بە تایبەتمەندیی نوێ و باشترکردن لە بواری تەندروستی و چالاکیی وەرزشی، سەرنجی بەکارهێنەران رادەکێشن. ئەم کاتژمێرە نوێیە توانای پێوانەکردنی ئاستی شەکری خوێن و فشارە دەروونییەکانیشی هەیە.
 
پێشبینی دەکرێت ئەم نەوە نوێیە لە بەرهەمەکانی ئەپڵ، گۆڕانکارییەکی گەورە لە بازاڕی جیهانیی تەکنەلۆژیادا دروست بکات و کێبڕکێی نێوان کۆمپانیا گەورەکان زیاتر بکات.