رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی نیپاڵ، سێشەممە 9ی ئەیلوول دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، رۆژێک دوای خۆپێشاندانەکانی دژ بە گەندەڵی و بلۆککردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن پۆلیسەوە بە تووندی سەرکوت کران و بووە هۆی کوژرانی 19 کەس.
کەی پی شارما ئۆلی، سەرۆکی حکومەتی نیپاڵ لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی وڵاتەکە گوتی، "ئەمڕۆ دەستم لە پۆستی سەرۆکی حکومەت کێشایەوە، بۆئەوەی رێگە بۆ رێکارەکانی چارەسەری سیاسی و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان خۆشبێت."
دوای رۆژێک لە خۆپێشاندان و تووندوتیژییەکان، سەرۆکی حکومەت ئێوارەی دووشەممە فەرمانی بە هەڵگرتنی قەدەخەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی "سەربەخۆ" لە دەستڕێژی گوللـەی پۆلیس لە خۆپێشاندەران کرد، بەڵام ئەم رێکارانە بەس نەبوون بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی خەڵک.
سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ، لە نێوەڕاستی پایتەختی وڵاتەکە، ئەمڕۆ سێشەممە لە چەند شوێنێکی جیاواز خۆپێشاندەران کۆبوونەوە بۆ سەرزەنشتکردنی مامەڵەی "تووند"ی هێزە ئەمنییەکان.
دواتر خۆپێشاندەران ئاگریان لە باڵەخانەی پەرلەمان بەردا. ئیکرام گیری، گوتەبێژێکی حکومەتی نیپاڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "سەدان کەس هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمان و ئاگریان لە باڵەخانە سەرەکییەکە بەردا."
یۆجان راجبانداری، خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵانە و دوێنێ و ئەمڕۆش لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار بووە و گوتی، "نزیکەی 20 کەس لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراون و دەبێت بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو قوربانییانە بگرێتە ئەستۆ."
بە گوتەی میدیای لۆکاڵیی نیپاڵ، سێ وەزیر دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، کە یەکێکیان وەزیری ناوخۆیە.
هەرچەندە وەزیری راگەیاندنی نیپاڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی راگەیاند و گوتی، "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران،" بەڵام ئەمە تووڕەیی خۆپێشاندەرانی دانەمرکاندووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی راگەیاندنی نیپاڵ، قەدەخەکردنی 26 پلاتفۆرمی راگەیاند، لەنێویاندا فەیسبووک، یوتیوب، ئێکس و لینکدین، کە لە کاتی دیاریکراودا خۆیان تۆمار نەکردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتیی ملیۆنان بەکارهێنەری لێکەوتەوە.
بەیانیی دووشەممە، هەزاران گەنج لە شەقامەکانی کاتماندوی پایتەخت و شارەکانی دیکە کۆبوونەوە بۆ داواکردنی چالاککردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە کاتماندو، کاتێک هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە نزیکبوونەوەی خەڵک کرد لە پەرلەمان و گازی فرمێسکڕێژ، ئاوڕشاندن، باتۆن، گولـلەی پلاستیکی و راستەقینەیان دژی خۆپێشاندەران بەکارهێنا، شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو. لانیکەم 20 کەس کوژران و زیاتر لە 400 کەسی دیکە بریندار بوون، بە گوتەی شێخار خانال، گوتەبێژی پۆلیسی کاتماندو، لەنێو بریندارەکاندا 100 پۆلیس هەن.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، داوای "لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و سەربەخۆ و بێلایەنانە" لە کوژرانەکان کرد و گوتی "گولـلەی راستەقینە دژی خۆپێشاندەران بەکارهاتووە."
رۆژی پێنجشەممە رابردوو، حکومەتی نیپاڵ بڕیاریدا ژمارەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکە دابخات، ئەمەش بە پشتبەستن بوو بە بڕیارێکی دادگەی وڵاتەکە لە ساڵی 2023 دەریکردبوو.
سەرۆکی حکومەتی نیپاڵ دووپاتی کردەوە کە "حکومەت نەیویستووە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخە بکات، بەڵکو تەنیا ویستوویەتی چوارچێوەی بەکارهێنانیان بپارێزێت" و ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ سوودێک لە خۆپیشاندان لەسەر ئەو بابەتەدا نەبوو."
خۆپێشاندانەکان لە سەرەتا بەهۆی قەدەخەکردنەکەوە دەستیان پێکرد، بەڵام بە خێرایی گۆڕان بۆ سەرزەنشتکردنی گەندەڵی لەکاتێکدا وڵاتەکە قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریی هەیە.
چەند وەزیرێک لە نیپاڵ ماڵەکانیان تاڵان کرا و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، وەزیرانی دارایی، دەرەوە و وزە ماڵەکانیان سووتێندراون و تاڵان کراون.
لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە خۆپێشاندەرانی نیپاڵ لە وەزیری دارایی وڵاتەکەیان دەدەن.
هاوکات بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، خۆپێشاندەران دوای ئەوەی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی وەزیری دەرەوە، بە کورسیی ماڵەکە و شەق لە سەری هاوژینی وەزیری دەرەوە دەدەن.
هەروەها ماڵی وەزیری وزەش لەو وڵاتە تاڵان کراوە و خۆپێشاندەران پارە و چەکی بانکی بەئاسماندا هەڵدەدەن.