رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی (10-4-2026) رایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا خەریکی بارکردنی "باشترین تەقەمەنی"ـن بۆ ئەوەی ئەگەر گفتوگۆکانی ئاشتی لە پاکستان شکستیان هێنا، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە.
ناردنی تیمی باڵا بۆ ئیسلامئاباد
ئەم لێدوانەی ترەمپ کەمێک دوای ئەوە هات کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەرەو ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێکەوت. بڕیارە لەوێ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، راوێژکاری ترەمپ، لەگەڵی بن ئەنجامدانی دانوستاندنی کۆتایی ئاشتی، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
بارکردنی کەشتییەکان و هەڕەشەی وێرانکاری
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست)، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پێیوایە گفتوگۆکان سەرکەوتوو دەبن، گوتی: "لە 24 کاژێردا بۆمان دەردەکەوێ. بەم زووانە دەزانین. ئێمە خەریکی رێکخستنەوەین. کەشتییەکانمان بە باشترین تەقەمەنی و باشترین چەک کە تاوەکو ئێستا دروست کرابن باردەکەین، تەنانەت لە ئاستێکی بەرزتر لەوەی پێشتر بەکارمانهێنا بۆ وێرانکاریی تەواوەتی."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، ئەو چەکانە بەکاردەهێنین و زۆر بە کاریگەریش بەکاریان دەهێنین."
گومان لە راستی و دروستیی لێدوانەکانی تاران
چاوەڕوان دەکرێ لە پاکستان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، نوێنەرایەتیی تاران بکەن. ترەمپ گومانی خۆی بەرامبەر شاندی ئێرانی دەربڕی و گوتی: "تۆ مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەیت کە نازانین راستی دەڵێن یان نا. لە بەردەمی ئێمەدا دەڵێن هەموو چەکە ئەتۆمییەکان لەنێودەبەن، کەچی دواتر دەچنە لای دەزگاکانی راگەیاندن و دەڵێن: نا، دەمانەوێ یۆرانیۆم بپیتێنین."
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان
بە گوێرەی راپۆرتەکە، چاوەڕوان دەکرێ گفتوگۆکان لەسەر ئەم خاڵانە چڕببنەوە:
1- رادەستکردنی نزیکەی 450 کیلۆگرامی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە لە ژێر زەویدا ماوەتەوە.
2- بەردەوامیی کردنەوەی تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، کە ترەمپ بە مەرجێکی سەرەکیی هەر رێککەوتنێکی دەزانێت.
3- کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گرووپە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە.
4- چارەنووسی بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی تاران.
5- داواکاریی ئێران بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ