رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەیان هەزار خۆپێشاندەر لە کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ هێرشیان کردە سەر باڵەخانە حکومییەکان و ئاگریان تێبەردان، هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان بە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی.
ئێستا سەربازەکان بە چەکەوە پاسەوانیی شەقامە سەرەکییەکانی کاتماندۆ دەکەن. سوپا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، 21 کەس بە گومانی تاڵانکردن دەستگیرکراون.
خۆپێشاندانەکان رۆژی دووشەممە دەستیان پێکرد، دوای ئەوەی حکومەت چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتی قەدەخە کرد. لە یەکەم رۆژدا پۆلیس تەقەی لە خۆپێشاندەران کرد و 19 کەسی کوشت. سەرەڕای هەڵگرتنی قەدەخەکە، خۆپێشاندانەکان بەردەوام بوون و بەهۆی مەترسییەوە، هێلیکۆپتەرەکانی سوپا هەندێک لە وەزیرەکانیان بۆ شوێنێکی ئارام گواستەوە.
ساندێش پاساک، بازرگانە و دەڵێت، "پێدەچێت وڵات ئاراستەیەکی نوێ وەربگرێت. هیوادارین پارتە سیاسییەکان وانەیەکیان لەم رووداوانە وەرگرتبێت و بزانن کە وڵات و هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەن."
ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سەرم سووڕماوە" لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان لە نیپاڵ کە بووەتە هۆی کوژرانی چەندین کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە. تورک داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن" و جەختی لەوە کردەوە کە "دیالۆگ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی خەڵک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ