رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران ئەمڕۆ شەممە لە شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، دەستیان بە گفتوگۆیەکی راستەوخۆ و رووبەڕوو کرد. ئەمە بە گرنگترین و باڵاترین ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت لە شۆڕشی 1979ی ئێرانەوە، کە ئامانجی سەرەکیی کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پەکخستووە.
ئەم دانوستاندنە سێقۆڵییە (بە بەشداریی پاکستان) گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شێوازی دیپلۆماسیی مانگی رابردوو. شاندی ئەمریکا لە لایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرکردایەتی دەکرێت. لە بەرامبەردا، شاندە 70 کەسییەکەی تاران لەلایەن محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
تەنگەی هورمز و کێشەی مینەکان
ئەم گفتوگۆیانە هاوکاتن لەگەڵ راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی "پاککردنەوەی" تەنگەی هورمز لە مینە دەریاییەکان. هەرچەندە میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، دوو کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکا ئەمڕۆ لە تەنگەکە تێپەڕیون، بەڵام بەرپرسێکی سەربازیی باڵای ئێران ئەم هەواڵەی رەتکردەوە. ترەمپ پاککردنەوەی تەنگەکەی وەک "چاکەیەک" بۆ جیهان وەسف کرد.
لوبنان؛ گرێکوێرەی ئاگربەست
ئێران و پاکستان پێداگری دەکەن کە دەبێت ئاگربەستە 14 رۆژییەکە بەرەی لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام جەی دی ڤانس رایگەیاند، پرسی جەنگی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا لە ئیسلامئاباد گفتوگۆی لە سەر ناکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 200 ئامانجی حیزبوڵڵای لە ناو خاکی لوبناندا پێکاوە.
یۆرانیۆم و مەرجە داراییەکان
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، "99%ی خاڵی لەپێشینەی ئەو" لەم گفتوگۆیانەدا ئەوەیە کە گەرەنتی بکات ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە بەرامبەردا، تاران داوای کردنەوەی سەرمایە بلۆککراوەکانی دەکات. هەرچەندە دەنگۆی رەزامەندیی واشنتن بۆ ئازادکردنی پارەکانی ئێران لە قەتەر بڵاوکرایەوە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ئەمەی رەتکردەوە.
قۆناخی "مان و نەمان"
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیرە، رایگەیاند دانوستاندنەکان یەکجار سەختن. شەریف گوتی: "ئێمە ئێستا لەو قۆناخەداین کە پێی دەوترێت (Make or break) (مان یان نەمان)؛ یان دەگەینە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە یان هەموو شتێک تێکدەچێت." قالیبافیش لە یەکەم لێدوانیدا گوتی: "ئێمە نیازمان باشە بەڵام متمانەمان بە ئەمریکییەکان نییە، چونکە هەمیشە بەڵێنیان شکاندووە."
ئێستا جیهان چاوەرێی دەرەنجامی ئەم کۆبوونەوانەیە کە تورکیا، میسر و چینیش پشتگیریی لێ دەکەن، تاوەکو بزانرێت ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە لە 28ـی شوباتەوە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ