دیاسپۆرای کوردی لە میونشن کار بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
بەشێک لەبەرنامەکە
بەشێک لەبەرنامەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی 'دیاسپۆرا'ـی ئەم هەفتەیە لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە پێشکێش کرا و تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی رەوەندی کوردی لەو شارە. میونشن بە یانەی تۆپی پێی بایرن میونشن، کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (BMW) و میوانداریکردنی ساڵانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ناسراوە، کە زۆربەی کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبێت.
 
لە بەشێکی بەرنامەکەدا، گفتوگۆ لەگەڵ دوو ئەندامی چالاکی دیاسپۆرا کرا. کامەران عیسا، بەرپرسی جڤاتی کوردی لە میونشن، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2011ـەوە لە ئەڵمانیایە؛ زانستە سیاسییەکانی خوێندووە و ئێستا لەنێو دامەزراوە ئەڵمانییەکاندا کار دەکات. هەروەها میهرەبان ساڵح، ئەندامی جڤاتی کوردی لە میونشن، خەڵکی سلێمانییە و پێشتر یاریدەدەری وانەبێژ بووە لە زانکۆی سلێمانی، لە کۆتایی ساڵی 2021ـەوە بۆ خوێندنی ماستەر رووی لە میونشن کردووە.
 
میهرەبان ساڵح بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، دیاسپۆرای کوردی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، بەشێوەیەکی چالاکانە کار بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی دەکات. گرنگترین چالاکییە ساڵانەکانیان بریتین لە رۆژانی فیلمی کوردی، ئاهەنگەکانی نەورۆز و رۆژانی کولتووری کوردی.
 
بۆ پاراستنی مۆسیقای کوردی و ئاشناکردنی نەوەی نوێ، کۆڕاڵێکی کوردی و گرووپێکی فۆلکلۆریی تایبەت بە هەڵپەڕکێ لە شارەکە دامەزراوە. هەروەها وانەی زمانی کوردی بە هەردوو دیالێکتی سۆرانی و کرمانجی دەگوترێتەوە و پلانیش هەیە بۆ دەستپێکردنی وانەی بادینی. جگە لە کارە کولتوورییەکان، هاوکاریی ئەو کوردانەش دەکەن کە لە کاروباری فەرمی و بیرۆکراتیدا پێویستیان بە یارمەتییە.
 
کامەران عیسا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی توێژینەوەیەکی فەرمی کە بە هاوکاریی شارەوانیی میونشن و بە سەرپەرشتیی دکتۆر چنور قادری لە زانکۆی بۆخوم ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە نزیکەی 28 هەزار کورد لە میونشن نیشتەجێن. ئەم کوردانە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتوون و بەشێکی بەرچاویان خەڵکی باشووری کوردستانن کە خەریکی کار و خوێندنن؛ لەنێو کۆمەڵگەکەدا کەسانی ئەکادیمی، فەرمانبەری حکومی و کاسبکاریش هەن.
 
ئەو بەرپرسەی جڤاتی کوردی لە میونشن گوتیشی، لەو شارەدا کۆمەڵگەیەکی کوردیی سەرکەوتوو بوونی هەیە و سیاسەتمەدار، چالاکڤان، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و بازرگانی گەورە لەخۆدەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەندێکی فەرمی یان "ماڵێکی کوردان" نییە بۆ کۆکردنەوەیان.
 
بە گوتەی کامەران عیسا، لەو شارە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی کولتووریی هاوشێوەی کۆمەڵگەی یۆنانی، تورکی و عەرەبی. ئامانج لەم ناوەندە، پاراستنی کولتوور، زمان و مێژووی کوردییە لەناو نەوەی نوێدا، کە بەشێکیان خەریکە لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا دەتوێنەوە و زمانی دایکیان لەبیر دەکەن. ئەو ناوەندە دەبێتە شوێنێک بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و دیاسپۆرای کوردی و یەکخستنی هێز و تواناکان؛ هەروەها دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزی کوردی لە داهاتوودا، کە بتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، میهرەبان ساڵح کە خۆی خەڵکی سلێمانییە، دەربارەی شاری میونشن ئاماژە بەوە دەکات کە لێکچوونێکی زۆر لەنێوان شاری میونشن و سلێمانی لە رووی سروشت و سەوزاییەوە هەیە و دڵخۆشە کە لەو شارە دەژیێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە