وردەکاریی یەکەم رۆژی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، دەستپێکردنی دانوستاندنی سێقۆڵیی نێوان تاران و واشنتنی لە ئیسلامئاباد راگەیاند، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ بە نێوەندگیریی پاکستان.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، دانوستاندنە سێقۆڵییەکان رووبەڕوو لەنێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نێردراوان ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەلایەنی ئەمریکی و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەنی ئێرانی، بە بەشداریی جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، بەڕێوەچوون.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئەندامانی لیژنە ئابووری، سەربازی و یاساییەکانی ئێرانیش چوونەتە نێو ژووری دانوستاندنەکان لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان. دواتر، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا، ئێران و پاکستان کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی رووبەڕوویان ئەنجامداوە.
 
ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم ئاماژەیان بە "پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان و کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحیەی باشووری بەیرووت" کرد، کە مەرجی تاران بوو پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان.
 
 ئاژانسەکانی مێهر و ئیسناش، کە میدیای فەرمیی ئێرانن، هەمان زانیارییان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی راگەیاند، پاش ئەوەی بە جیا پێشوازیی لە هەردوو شاندەکە کرد.
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران. ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانیش (ئیسنا) لە زاری ئەمینداری ئەنجوومەنی راگەیاندنی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد دوای دڵنیابوون لە راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، دەستیانپێکردووە.
 
دۆسیەی تەنگەی هورمز
 
دواتر، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکان لەبارەی کردنەوەی تەنگەی هورمز هێشتا خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکین، چونکە ئێران سوورە لەسەر هێشتنەوەی کۆنترۆڵی تەنگەکە و سەپاندنی باج بەسەر کەشتییەکاندا.
 
ئاژانسی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، "داواکارییە زیادەکانی شاندی ئەمریکی رێگربوون لە پێشکەوتنی تیمە تەکنیکییەکان بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستاندنەکان،" ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی تەنگەی هورمز یەکێکە لە دیارترین ئەو بابەتانەی کە ناکۆکیی لەنێوان ئێرانی و ئەمریکییەکاندا لەسەرە. سەرچاوەکە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، "راوێژەکان بەردەوامن و ئێران سوورە لەسەر پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکانی و جەخت لەسەر دابینکردنی مافەکانی گەلەکەی دەکاتەوە."
 
رۆژی شەممە، لە ئیسلامئاباد دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیانپێکرد. جەنگەکە رۆژی 28ی شوباتی رابردوو، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. هێرشەکان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، بەتایبەتی لە ئێران و لوبنان و ئاڵۆزیی گەورەی لە ئابووریی جیهاندا دروستکرد.
 
جدییەتی دانوستاندنەکان
 
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئاستی شاندی ئێرانیی بەشدار لە دانوستاندنەکانی پاکستان، رەنگدانەوەی جدییەتی تارانە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن.
 
رۆژێکی زیاتر
 
ئاژانسی تەسنیم لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری درێژکردنەوەی دانوستاندنەکان بۆ رۆژێکی دیکە هەیە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ تەکنیکییەکان، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە. سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، شارەزایانی هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ئێستا کار لەسەر لێکۆڵینەوەی وردەکاریی هەندێک بابەت دەکەن.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دوو کاژێری خایاندووە پێش ئەوەی شاندەکان پشوو وەربگرن. بەپێی تەلەڤزیۆنی ئێران، دوای پشووەکە دانوستاندنەکان دەستیانپێکردووەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە رایگەیاند، "تاکە کارتی ئێران ئێستا بریتییە لە هەڕەشەی ئەگەری پێکدادانی یەکێک لە کەشتییەکان بە مینی دەریاییدا."
 
ترەمپ لە پلاتفۆرمی Truth Social نووسیویەتی، "هەرکەسێک گوێ لە میدیای درۆزن بگرێت، وادەزانێت ئێمەین کە زیانمان بەرکەوتووە، نەک ئێران." 
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد هەوڵی راستەقینە بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەبەرنامەکە

دیاسپۆرای کوردی لە میونشن کار بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی دەکات

بەرنامەی 'دیاسپۆرا'ـی ئەم هەفتەیە لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە پێشکێش کرا و تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی رەوەندی کوردی لەو شارە. میونشن بە یانەی تۆپی پێی بایرن میونشن، کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (BMW) و میوانداریکردنی ساڵانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ناسراوە، کە زۆربەی کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبێت.