رووداو- رۆما
كاكەڕەش، زەحمەتیی زۆری چەشت تا لە توركیاوە گەیشتە یۆنان و لەوێشەوە گەیشتە ئیتاڵیا، سەرەتا زۆر دڵخۆش بووە كە گەیشتووە و وای هەست دەكرد ئیدی رزگاری بووە لە دەست سەرانە و پارەدان بە قاچاخچییەكان، بەڵام لە ئیتاڵیاش بۆ راییكردنی هەر كارێكی دەبێ پارە بدات.
ئەوەی كاكەڕەش و زۆر لە كۆچبەرە تازەكانی نیگەران كردووە، ئەوەیە كە كۆچبەرانی دێرین بە پارە نەبێ چاوساغی ناكەن. كۆچبەرانی تازەی نەشارەزا لە زمان و رێسا و یاسای ئەوروپا، بوونەتە سەرچاوەیەكی دارایی باش بۆ كۆچبەرانی دێرین و هەندێكیان ئەوە بە دەرفەت دەزانن بۆ كۆكردنەوەی پارە. دیاردەكە تەنیا لە نێو كۆچبەرانی كورددا نییە، بەڵكو كۆچبەرە فارس و ئەفغان و ئەفریقییەكانیش هەمان چیرۆكیان هەیە.
ناشارەزایی لە رێسا و یاساكانی وڵاتانی ئەوروپا و نەزانینی زمان، كۆچبەران بەرەوڕووی ئاستەنگی زۆر دەكاتەوە. هەر كۆچبەرێكی تازەهاتوو زمانێكی بیانی نەزانیت، لە ترسی دەستگیركردنی هانا بۆ كۆچبەرانی دێرین دەبات، بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ بكەن، بەڵام بەشێك لە كۆچبەرە دێرینەكان ئامادەنین شارەزایی خۆیان بەبێ پارە پێشكەش بكەن. زۆرجاریش لەسەر پارە كێشە دەكەوێتە نێوان كۆچبەرانی كۆن و نوێ.
لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ كەشتییەك كە نزیكەی 71 كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو كە زۆربەیان كورد بوون و لە یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا هاتبوو، بەر لەوەی بگاتە كەناراوەكانی نزیك هەرێمی سیچیلیای ئیتاڵیا، بەرەوڕووی مەترسیی شەپۆلەكانی دەریا بووەوە، ئەگەر هێزی دەریاوانی ئیتاڵیا نەبووایە نغرۆ دەبوو، كاكەڕەش یەكێك بوو لە سەرنشینانی نێو كەشتییەكە كە پۆلیس رزگاری كرد.
كاكەڕەش كە گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە، بە (رووداو)ی گوت: "دوای پێنج مانگ مانەوەمان لە یۆنان ناچاربووین بەهەر رێگایەك و چەند پارەش بێت بدەین، بۆ ئەوەی بگەینە ئیتاڵیا، هەر بۆیە لە یۆنان هەر یەكەمان 5000 یورۆمان بەقاچاخچی دا، بەداخەوە ئەوان راستگۆ نەبوون لەگەڵمان، خەریك بوو نوقمی دەریا ببین".
كاكەڕەش پاش گەیشتنی بە ئیتاڵیا لەلایەن پۆلیسەوە رەوانەی كەمپێكی پەنابەران كرا، بەڵام چیرۆكەكەی دوایی نەهاتووە. ئەو دەڵێت: "هەر سەرەتا نەماندەویست لە ئیتاڵیا بمێنینەوە، بۆیە ناچاربووین لەدەست پۆلیس رابكەین، ئێمە حەوت كەس بووین پەیوەندیمان بە چەند كۆچبەرێكی كوردەوە كرد، یەكێكیان بە ئۆتۆمبێلی خۆی بەدواماندا هات، ئێمەی برد بۆ شاری كۆسینزای سەر بە هەرێمی كالابریا، 2100 یورۆی لێوەرگرتین كە ماوەكەی تەنیا سێ كاژێر بوو، ئێمە دەمانزانی ئەو پارەیە زۆرە، بەڵام نەشارەزا بووین و زمانیشمان نەدەزانی، بۆیە ناچاربووین پارەكە بدەین".
لە وڵاتێكی وەكو ئیتالیا هەندێ كەس وەها خۆیان بە كۆچبەرانی تازە دەناسینن، گوایە دەستیان دەڕوات و لەگەڵ پارێزەر و كاربەدەستانی ئەم وڵاتە پەیوەندیی باشیان هەیە و بە پارە كارئاسانییان بۆ دەكرێ بۆ پێشخستنی پەنجەمۆر و كارئاسانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، بەڵام زۆرجار ئەو كەسانە ناتوانن بەڵێنەكانی خۆیان ببەنە سەر، بۆیە لەگەڵ كۆچبەرانی تازە تووشی كێشە دەبن.
كۆچبەرێكی كورد كە ماوەیەكی كەمە گەیشتووەتە ئیتاڵیا، بەسەرهاتی خۆی لەگەڵ كۆچبەرێكی دێرین دەگێڕێتەوە كە وەكو چاوساغێك پێشیكەوتووە بۆ ئەوەی كاروبارەكانی لە دەزگای كۆچ و شوێنەكانی دیكە بۆ بكات. ئەو كۆچبەرە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت: "كە هاتمە ئیتاڵیا كوڕێكی كوردم ناسی، گوتی 250 یورۆم بدەرێ هەموو كارەكانت بۆ دەكەم، بەڵام هیچی بۆ نەكردم و خۆشی لێ شاردمەوە، نەشمتوانی سكاڵای لەسەر تۆمار بكەم، چونكە هەردووكمان تووشی كێشە دەبووین، بەهۆی ئەوەی كارەكەمان نایاسایی بوو".
ئەو كە پێشتر لە وڵاتانی دیكەی باكووری ئەوروپا بووە، گوتیشی: "كوردەكانی خۆمان فێڵمان لێ دەكەن، هەندێ كەس كە دێتە ئیتاڵیا دوای ساڵێك ریكلام بۆ خۆی دەكات، گوایە دەستی دەڕوات و بە پارە هەموو شتێك دەكرێ، ئیدی كەسانێكی نەشارەزای وەكو من تووشی ئەو جۆرە كەسانە دەبن، هیچیان بۆ ناكرێت و پارەكەشیان دەفەوتێ".
ئیتاڵیا كە سێیەم گەورە وڵاتی ناوچەی یورۆیە لەڕووی دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ كۆچبەران زۆر لەدواوەیە، وەكو پێویست هاوكاریی كۆچبەران ناكرێ، بۆیە كۆچبەرانی تازەهاتوو دووجار دەبنە قوربانی، جارێك قوربانی كەمیی خزمەتگوزاری و جارێكیش بەڵێنی درۆیینی هەندێك لە كۆچبەرانی دێرین".
ئینریكۆ رینزی، پیاوێكی ئیتاڵییە و زۆر ئاگاداری رەوشی پەناخوازانە، زۆرجار ناڕەزایی دژی پێشێلكردنی مافی پەنابەران لەسەر ئاستی حكومی و كۆمەڵگەش دەربڕیوە، دەڵێت "بەداخەوە رەوشی پەنابەران لە ئیتاڵیا خراپە، بەتایبەتی بۆ كۆچبەرانی نایاسایی حكومەت درەنگ هاوكارییان دەكات، یان نایكات. ئەوەش وادەكات كەسانێكی فێڵباز بەناوی كارئاسانی و وەرگرتنی ئیمتیاز فێل لە كۆچبەران بكەن، ئەگینا كەسێك یاساكانی وەرگرتنی مافی پەنابەری بخوێنێتەوە، ئیقامە وەرگرتن بەپارە و بەرتیل كارێكی ئاسان نییە لە دەرەوەی یاسا".
ئێستا وەرزی ئەكتیڤبوونەوەی تۆڕە قاچاخچییەكانە كە لە توركیاوە درێژ دەبنەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، چونكە بەهۆی ئەوەی پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە و بەفر و باران كەمدەبێتەوە، ئیدی وەزری كۆچكردن لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقاوە دەستپێدەكاتەوە.
هەر كۆچبەرێك لە توركیاوە لەسەر ناوی قاچاخچییەك بەڕێدەكرێ بۆ وڵاتانی دیكە، ئیدی ئەو كۆچبەرە پێ بەپێ كڕین و فرۆشتنی پێدەكرێ، لەو قاچاخچی دەدرێتە ئەو قاچاخچی، لە زۆربەی حاڵەتەكانیش دەبێ كۆچبەرەكە پێشەكی پارەكەی خۆی بداتە قاچاخچی، یان كەسێكی متمانەپێكراوی قاچاخچییەكە. زۆرجاریش كۆچبەر ناگاتە شوێنی مەبەست و پارەكەی دەفەوتێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ