سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: رێگە نادەم وڵاتەکەم ببێتە کەمپی کۆچبەرانی ئەوروپا

20-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن کۆچبەران ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایدەگەیێنێت، رێگە بەوە نادات وڵاتەکەی ببێتە کەمپی کۆچبەرانی ئەوروپا، دەشڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت رۆڵی لە چارەسەرکردنی ئەو پرسەدا هەبێت.
 
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، کە بۆ بەشداریکردن لە 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023) بە رۆژنامەڤانانی گوت "پێش هەموو شتێک، رێگە بەوە نادەم ئیتاڵیا ببێتە کەمپی کۆچبەران، کەمپی کۆچبەرانی ئەوروپا."
 
لە رۆژی 11-9-2023ـوە، زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بە زیاتر لە 120 بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا و لە یەک کاتیشدا 7000 کەس بردرانە ناوەندی پێشوازیکردن لە کۆچبەران، کە دەکاتە 17 هێندە و نیوی توانستی ناوەندەکە، چونکە بۆ لەخۆگرتنی تەنیا 400 کەس دروستکراوە؛ هەروەها ئەو ژمارەیە زیاترە لە دانیشتووانی تەواوی دوورگەکە.
 
مێلۆنی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران کە بەرۆکی ئیتاڵیای گرتووە.
 
لەگەڵ زیادبوونی کۆچبەرانیش بۆ ئیتاڵیا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا وەرگرتنی کۆچبەر لەو وڵاتەوە رابگرێت.
 
بەگوێرەی رێککەوتنێک، دەبووایە بەرلین 3500 کۆچبەر لە ئیتاڵیا وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، گوشارێکی گەورەی کۆچبەران لەسەر وڵاتەکەی دروستبووە، بۆیە رێککەوتنەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە.
 
گەیشتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا وایکردووە فەرەنساش سنوورەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا تووندوتۆڵ بکات.
 
ژێرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بە رێژەی 100% زیادیکردووە،  بۆیە پێویستە ئەو رێکارە بگرنەبەر.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 126 هەزار کۆچبەر بە بەلەم چوونەتە ئیتاڵیا، ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2022ـدا ژمارەکە تەنیا 66 هەزار کۆچبەری نایاسایی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بینامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: Reuters

شەقامی ئیسرائیلی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست گوشار لە نەتەنیاهوو دەکات

رەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لەلایەن نەتانیاهوویەوە، تووڕەیی خەڵکێكی زۆری لێکەوتووەتەوە. دژایەتیی نەتانیاهوو خاڵی هاوبەشی خۆپیشاندەرانی تەلئەڤیڤە.