شەڕ و پێکدادان لە باشوورى سودان دەستیپێکردەوە

11-07-2016
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن باشووری سوودان
A+ A-

رووداو - باشووری سوودان

دوای پێنج ساڵ لە جیابوونەوە و لەیەکترازان جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە باشوورى سودان دەستیپێکردەوە و بەگوێرەی دوایین ئامار، لە شەڕەکەی ئەمجارەدا زیاتر لە 300 کەس کوژران، لە نێوانیاندا خەڵکی سڤیل و کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان هەن.

بەگوێرەی بەرپرسانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕ و پێکدادان لە رۆژی پێنجشەممەوە لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی باشوورى سوودان لە باشووری جوبای پایتەختی وڵاتەکە دەستیپێکردووەتەوە، لەم دوو رۆژەی رابردوو پێکدادانی قورس روویداوە و باڵیۆزی ئەمریکا بەشێک لە ستافی ئۆفیسەکەی کشاندووەتەوە.

بەهۆی پێکدادانی هێزەکانی سەر بە سەلڤاکیر، سەرۆکی ئەو وڵاتە و چەکدارانی ریک مەشار، جێگری سەرۆکی وڵاتەکە خەڵکی مەدەنیش بوونەتە قوربانی.

پێکدادانی ئەمجارە دەنگۆیەکی جیاوازی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی درووستکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی گرژییەکانی کرد و ئەنجوومەنی ئاسایشیش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەوبارەوە ئەنجامدا.

بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی شەڕ و پێکدادانەکەی کرد و بە " تووندوتیژییەکی بێ مانا" وەسفکرد.

ئەنجوومەنی ئاسایش لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەیدا داوای لە سەرکردەکانی باشوورى سودان کرد بەزووترین کات هەوڵی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شەڕ بدەن.

كۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە داخراویی سێ کاژێری خایاند، ئەندامانی ئەنجوومەن هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی سڤیل و قوربانیانی ئەو هێرشانەش دەربڕی کە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووەتە ئامانج.

باشوورى سودان:

- لە ساڵی 2011 سوودانی باشوور سەربەخۆیی راگەیاند

- لە ساڵی 2013 شەڕی نێوخۆیی لەوڵاتەکە سەریهەڵدا

- لە مانگی 12ی 2013 نزیکەی 2 ملیۆن و 200 هەزار کەس دەربەدەربوون

- لە ئابی 2015 رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت واژۆکرا

- لە نیسانی 2016 مشار بووەوە جێگری یەکەمی سەرۆکی وڵات

- 300 هەزار کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادان کوژراون

- زیاتر لە 2.2 ملیۆن کەس دەربەدەربوونە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە