ئیسپانیا؛ لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە هەزار پەناخواز لە دوورگەی کەناری رزگارکراون

11-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئیسپانیا رایانگەیاند کە لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە هەزار پەناخواز لە کەناراوەکانی دوورگەی کەناری لە باشووری وڵاتەکە رزگارکراون؛ تەنیا لە مانگی رابردوودا دوو هەزار و 931 پەناخواز گەیشتوونەتە دوورگەکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2023، دەزگای فریاگوزاریی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا، ئامارەکانی ئەم هەفتەیەی گەیشتنی پەناخوازانی بە کەناراوەکانی دوورگەی کەناریی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا گەیشتوونەتە دوورگەکە، گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار پەناخواز و "زۆربەیشیان لە باکووری ئەفریقاوە هاتوون."
 
لە راگەیێندراوەکەی دەزگا ئیسپانییەکەدا هاتووە: "لە مانگی ئابدا، 2931 کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەی کەناری؛ ژمارەکە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە".
 
تەنیا رۆژی دووشەممەی رابردوو، 630 کەس خۆیان گەیاندووەتە دوورگەی کەناری، کە ئەوەش لە ساڵی 2020ـەوە بە زۆرترین ژمارەی کۆچبەران هەژماردەکرێت لە رۆژێکدا خۆیان گەیاندبێتە دوورگەکە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، نزیکەی 22 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا، کە زیاترە لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە تەواوی ساڵی رابردوودا گەیشتوونەتە وڵاتەکە. 
 
دەربارەی ژمارەی ئەو کەسانەیشی لە مانگی ئابدا لە رێگەی گەیشتن بە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە، کۆمیسیۆنی پەنابەرانی ئیسپانیا رایگەیاندووە کە ژمارەیان گەیشتووەتە 77 کۆچبەر. 
 
بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، ژمارەی ئەو کەسانەی لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 28٪ بەرزبووەتەوە.
 
لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەم دێت کە زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە، بەجۆرێک کە 62٪ی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، لەو وڵاتە بوون کە زۆربەیان پەنابەری سووریایی و ئەفغانین. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، 41٪ـی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، داواکەیان قبووڵکراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.