لە خارکیڤ ژیان دەچێتە ژێر زەوی؛ 12 هەزار قوتابی لە پەناگەکان دەخوێنن

11-12-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
قوتابخانەیەکی خارکیڤ لەژێر زەوی.
قوتابخانەیەکی خارکیڤ لەژێر زەوی.
نیشانەکردن رووداو لە ئۆکراینا
A+ A-
 
رووداو - خارکیڤ

بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومان و مەترسییەکانی جەنگ، بەشێکی زۆری ژیانی دانیشتووانی شاری خارکیڤی ئۆکراینا گواستراوەتەوە بۆ ژێر زەوی. لەو شارە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە قووڵایی حەوت مەتر دروستکراوە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن و خۆپارێزی تێدایە.
 
ئەم قوتابخانە نوێیە کە بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان دروستکراوە، لە 19 پۆل، ژووری پزیشکی، سیستەمی ئاگادارکردنەوە و ژووری بۆنەکان پێکهاتووە و رێکارەکانی خۆپارێزی لە شەڕی تێدا جێبەجێ کراوە. پرۆسەی خوێندن تێیدا هاوشێوەی قوتابخانە ئاساییەکانە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە تیشکی خۆری تێناچێت.
 
ئاناستازیا، یەکێکە لە قوتابییەکان و سەرسامە بە سیستەمی هەواگۆڕکێ و شێوازی دروستکردنی قوتابخانەکە، ئەو دەڵێت: "مامۆستاکان زۆر میهرەبانن و بە باشی وانە دەڵێنەوە. دەمەوێت هیوای ئەوە بۆ هەموو ئۆکراینییەکان بخوازم کە ساڵی داهاتوو ئاشتی بێت و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ قوتابخانەیەکی ئاسایی لەسەر زەوی و وەک پێشوو بە نێو رێڕەوەکاندا هاتووچۆ بکەین."
 
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لەم قوتابخانەیەدا هەزار و 250 قوتابی لە قۆناخی بنەڕەتی و ناوەندی دەخوێنن. لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، نۆ قوتابخانەی ژێرزەوی لە خارکیڤ دروستکراون کە 12 هەزار قوتابی لێیان سوودمەند بوون.
 
سڤیتڵانا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە قوتابخانەکانی سەر زەوی وێران بوون، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش سوود لەم قوتابخانانە دەبینرێت.
 
سڤیتڵانا گوتی: "ئاواتەخوازین شەڕ کۆتایی پێبێت، بەڵام ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانە وێرانبووەکان کاتی دەوێت. دڵنیام ئێرە پڕ دەبێت لە منداڵ و هەموو منداڵە ئاوارەکانمان لە جیهانەوە دەگەڕێنەوە بۆ خارکیڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا."
 
جگە لە خوێندن، پەناگەکان بوونەتە ناوەندێک بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتوور و هونەر. تیپەکانی سەما و بالێ مەشق و نمایشەکانیان بردوەتە ژێر زەوی.
 
ناتالیا ئەلێکساندرۆڤنا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دانس لە خارکیڤ دەڵێت: "150 قوتابی لەم نمایشەدا بەشدارن. تەنانەت جەنگیش ناتوانێت هونەری بالێ بوەستێنێت. ئێمە بەردەوامین لە مەشقکردن و ئەمە پانزدەیەمین نمایشە لەسەر ئەم شانۆیە پێشکێشی دەکەین."
 
دانیشتووانی خارکیڤ لەکاتێکدا بە دوور لە دەنگی تانک و درۆنەکان لە ژێر زەوییەوە ژیانی رۆژانە بەڕێ دەکەن، ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن و ساتەکان دەژمێرن بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس

عەلی دۆڵەمەڕی: فەرەنسا دەزانێت بەبێ هەرێمی کوردستان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر نابێت

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایدەگەیێنێت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆدەبێتەوە؛ دەشڵێت: "پاریس دەزانێت بەبێ رۆڵی هەرێمی کوردستان، سەقامگیری لە ناوچەکە بەدی نایەت."