رووداو دیجیتاڵ
گەڕان بەدوای قوربانییانی بوومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریب بەردەوامە و تائێستا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەی 3000 کەس و زیاتر لە 5500 برینداریش تۆمارکراون.
رۆژی هەینی، کاژێر 11:11ی خوولەکی شەو بەکاتی مەغریب (کە دەکاتە رۆژی شەممە، کاژێر 1:11ی بەیانی بەکاتی هەولێر) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر مەغریبی هەژاند، کە چەقەکەی لە شاری مەراکشی رۆژئاوای وڵاتەکە بوو. پاشلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.9 پلە دوای 19 خولەک وڵاتەکەی هەژاندەوە.
جگە لە زیانە گیانییەکان کە هێشتا روو لە هەڵکشانە، زیانێکی زۆری مادی بەر ئەو ناوچانەی وڵاتەکە کەوتووە کە بوومەلەرزە لێیداون.
یەکێک لە تیمەکانی بەهاناوەچوون دەڵێت، تەنیا رۆژی 11ی ئەیلوول 30 تەرمیان لەژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەکان دەرهێناوە.