رووداو دیجیتاڵ
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی پڕۆژەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بە "بەرهەمدار" ناوی بردن. زاخارۆڤا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە دەڵێ، دەبێت ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی سووریا و مامەڵەی بازرگانیش تەنیا لە رێگەی حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێ.
رۆژی هەینی 12-12-2025 نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو لەبارەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ بە هەولێر و بەغدا، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، پرسیاری لە ماریا زاخارۆڤا کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، کۆمپانیاکانی رووسیا سەرەڕای گوشارەکانی رۆژئاوا، چالاکانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
زاخارۆڤا بە رووداوی گوت: "چالاکییە ئابوورییەکانی رووسیا لە عێراق کە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی کوردیش دەگرێتەوە، ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی بەرهەمدار کاردەکەن. ئەوان چەندین پڕۆژەی هاوبەش جێبەجێ دەکەن، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و گازدا."
زاخارۆڤا گوتی: "هیوادارین ئەم چالاکییانە بەردەوام بن، سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر رووسیا."
لە وەڵامی پرسیاری نیاز مستەفادا لەبارەی مامەڵەی بازرگانیی مۆسکۆ لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، زاخارۆڤا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان تەنیا دان بە حکومەتی سووریادا دەنێن.
زاخارۆڤا گوتی: "بەگوێرەی هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە، پرسە دوو لایەنییەکان، لەوانە ئاسۆی هاوکاریی بازرگانی، بەبێ هیچ جیاکارییەک لەلایەن رووسیاوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە فەرمییەکاندا لەگەڵ نوێنەرانی کارگێڕیی سووریا تاوتوێ دهكرێن."
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کاری بازرگانی "بە شێوەیەکی چالاک، میکانیزمی کۆمیسیۆنی هەمیشەیی هاوکاریی بازرگانی و ئابووریی رووسی-سووری بەکاردەهێنرێ."
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی رۆژئاوای کوردستانیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "رووسیا بەردەوام پشتگیری لە گەڕانەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات بۆ نێو چوارچێوە یاساییە یەکگرتووەکەی ئەو وڵاتە. دەبێت هەموو ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتنی بێمەرج لە یەکپارچەیی خاکی کۆماری عەرەبیی سووریا چارەسەر بکرێن."
پرسی ئەتۆمیی ئێران
تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان تایبەت بوو بە پرسی پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. زاخارۆڤا رەتیکردەوە، تاران رێگربێت و پەنجەی تۆمەتی بۆ واشنتن و ئیسرائیل درێژ کرد.
زاخارۆڤا گوتی: "واشنتن و ئۆرشەلیم [ئیسرائیل] بە کردارە تاوانکار و بێ پاساوەکانیان نەک تەنیا تەواوی ناوچەکەیان نزیککردەوە لە کارەساتێکی گەورەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی، بەڵکو جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پشکنین و رێککەوتننامەی گەرەنتیشیان پەکخست."
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە شوێنەکانی وەک بووشەهر هەبووە، بەڵام "پشکنینی بنەڕەتی، پێویستیی بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە."
ماریا زاخارۆڤا پشتگیریی خۆی بۆ قسەکانی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەربڕی و گوتی: "ئاژانسەکە هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، ئەمەش هەوڵە وێرانکەرەکانی ئەو وڵاتانە بێمانا دەکات کە دەیان ساڵە هەڕەشە خەیاڵییەکەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەقۆزنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ