رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی رووسیا (رۆساتۆم) رایگەیاند، وڵاتەکەی زۆربەی کارمەندەکانی لە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی ئێران کشاندووەتەوە. ئەوەش دوای زیادبوونی مەترسییەکانی بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
رۆژی دووشەممە، 13-04-2026، ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی ئاژانسەکە بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "دوایین پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کارمەندانمان لە وێستگەی بووشەهر دەستپێکردووە." راشیگەیاند، 108 کارمەندیان گەڕاندووەتەوە و تەنیا 20 کەس لەوێ ماونەتەوە، کە بریتین لە بەڕێوەبەرە باڵاکان و بەرپرسانی سەلامەتیی ئامێرەکان.
مۆسکۆ هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانی دەگەڕێنێتەوە لە ئەگەری هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل. رووسیا پێشتر هۆشداریی دابوو کە هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەی بووشەهر، مەترسیی دروستبوونی "کارەساتێکی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لێ دەکەوێتەوە کە لە کارەساتی چێرنۆبیڵ وێرانکەرتر بێت."
وێستگەی بووشەهر کە لە باشووری ئێرانە و لە لایەن رووسیاوە بنیات نراوە، لە کاتی جەنگدا ناوچەی دەوروبەری لانیکەم پێنج جار کراوەتە ئامانج. هەرچەندە لە یەکێک لە هێرشەکاندا پاسەوانێکی وێستگەکە کوژرا، بەڵام بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تاوەکو ئێستا زیانی راستەوخۆ بەر خودی وێستگەکە نەکەوتووە.
واشنتن و تەلئەڤیڤ بەردەوام دەڵێن رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
لە 28ی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. دوای 40 رۆژ شەڕ، بە هەوڵی پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ