رووداو - ئاژانسەکان
حکومەتی نایجیریا رایگەیاند بەهیچ جۆرێک بە داواکەی گرووپی تووندڕەوەی بۆکۆ حەرام رازی نابێت، کە داوایان کردبوو، لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 200 کچە قوتابیە رفێنراوەکاندا، بەندکراوەکانی ئەو گرووپە لە زیندانەکانی نایجیریا ئازاد بکرێن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاشکرایکرد کە چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکا لەگەڵ چەند شارەزایەکی بواری ئەمنی ئەمریکی بەشداری لە پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو کچە رفێنراوانەدا دەکەن و پرۆسەکە فراوانتر دەکرێت.
دوای ئەوەی گرووپی بۆکۆ حەرام بۆ یەکەمینجار وێنەیەکی ڤیدیۆیی ئەو کچە قوتابییە رفێنراوانەی بڵاوکردەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 200 قوتابییە، داوای لە حکومەتی نایجیریا کرد، ئەندامانی بەندکراوی ئەو گرووپە لە بەندیخانەکانی نایجیریا ئازاد بکات بۆ ئەوەی ئەو کچە قوتابیانە ئازادبکرێن. ئابا مۆرۆ، وەزیری ناوخۆی نایجیریا جەختی کردەوە کە گرووپی بۆکۆ حەرام هیچ پێگەیەکی وایان لە نایجیریادا نییە تا داوای رێککەوتن بکەن، بۆیە حکومەتی نایجیریا ئەو پێشنیازەی گرووپەکە رەتدەکاتەوە.
مۆرۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ناکرێت کۆمەڵێک قوتابی بێتاوان لەگەڵ چەند کەسێکدا کە تاوانیان دژ بە خەڵک ئەنجامداوە و دەستگیرکراون، ئاڵوگۆڕ پێبکرێن.
گرووپی بۆکۆ حەرام وێنەی ئەو کچانەی بڵاوکردەوە و سێ لە کچەکانیش لەبەردەم کامێرا قسەیان کردووە و لەو وێنە ڤیدیۆیەشدا، ئەبوبەکر شیکاو سەرکردەی بۆکۆ حەرام دەردەکەوێت و دەڵێت تا ئەوانە ئازاد نەکرێن ئێوەش کچەکانتان نابیننەوە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی بواری ئەمنی و هەواڵگری بەشداری لە پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو کچە رفێنراوانەدا دەکەن کە لە 14ی نیسانی رابردوو لەلایەن گرووپی ئیسلامی بۆکۆ حەرامەوە رفێنراون. هەروەها چەند شرۆڤەکارێکی هەواڵگری ئەمریکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە گرووپەکە بڵاویکردوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ