رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تاوەکو 25ی ئەیلوول کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق دەهێنێت و زۆربەی هێزە شەڕکەرەکان بنکە سەربازییەکانی عێراق چۆڵ دەکەن. بەپێی رێککەوتنەکە بەشێکی ئەو هێزانە تاوەکو ئەیلوولی 2026 لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان.
بڕیارە لەدوای ئەم قۆناخە، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکی نوێی ئەمنی بکەن، کە تێیدا پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پەیوەندییە سەربازییەکان لەنێوان بەغدا و واشنتن رووندەکەنەوە. باڵیۆزێکی پێشووتری ئەمریکاش لە عێراق دەڵێت، ئەمریکا و عێراق رێکیش بکەون لەسەر کشانەوەی هێزەکان، هاوشێوەی 2011 هێشتا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە و ئەو هێزانەی دەشمێننەوە، هەمان ئەو ئەرکانەی ئێستا جێبەجێ دەکەن، بەڵام لەژێر ناوێکی دیکە.
جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ''لەوانەیە و لەوانەش نییە کە ئەمریکا عێراق جێبهێڵێت، بەڵام لەبیرتان بێت هەتا ئەگەر بەجێشی بهێڵین، رەنگە هاوشێوەی 2011 ئەفسەری پەیوەندیی سەربازیمان بمێننەوە، واتە کەسایەتییە سەربازییەکان لەژێر چاودێریی باڵیۆزخانە، کە زۆربەی ئەو کارانە دەکەن کە ئێستا دەیانکەین.''
بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2024دا، ئەمریکا پابەندە بە جێگۆڕکێی هێزەکان، بەڵام تاوەکو ئێستاش پرسێک نییە بەناوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵکو ئەوەی هەیە پرسی گۆڕانە لە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە دەرەوەی ئەم قۆناخەش ئەمریکا و عێراق بەردەوام دەبن لە پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانیان.
هاوکات، کۆنگرێسمان دارین لاهوود، کە لەم دواییەدا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام بن، نیگەرانیمان لە پرسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەیە و هیچ هاوپەیمانێکی بەهێزتر و باشتریشمان لە کورد لە ناوچەکە نییە."
کۆنگرێسمان دارین لاهوود، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، ''لەڕاستیدا من لە هەولێر و سلێمانییش بووم، روونە کە ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ کورد هەیە، دەمانەوێت بەردەوامیش بین لەسەر ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئەمریکا، پێزانینیشمان هەیە بۆ ئامانجەکانیان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و سەربەخۆییان و ئەوەی لەپێناوی تێدەکۆشن. هاوکات ناتوانین هاوبەشێکی بەهێزتر لە کورد بۆ ئەمریکا داوا بکەین.''
ئێستا بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە باشووری کوردستان جێگیربوون، تاوەکو ئەیلوولی 2026 دەمێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە کە لە ئەیلوولی 2026 ئەو هێزانە باشووری کوردستان چۆڵ بکەن، "ئەوکاتە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ مانەوەی ئەو هێزانە و هەڕەشەکانی تیرۆر و داعش دەکەین، ئینجا بڕیار دەدەین هێزەکان بە تەواوی بکشێنینەوە یانیش مانەوەیان درێژ بکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ