رووداو دیجیتاڵ
لە میونشن سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس لە ئەنتاکیا کۆبووەوە. پەتریارکەکە سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی کریستیانە ئاوارە و پەنابەرەکان.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارهى ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامى دووەم، پەتریارکی کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس لە ئەنتاکیا کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا دۆخی کریستیانەکانیان لە عێراق و سووریا و ئەو ئاستەنگانەی ئێستا رووبەڕوویان دەبنەوە تاوتوێ کرد؛ هەروەها باسيان له چۆنێتيى بەهێزکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی ناوچەکەدا كرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی مافەکانی کریستیانەکان و هەموو پێکهاتەکان کردەوە، ئاماژەی بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان کرد لە پشتگیریکردنی فرەیی ئایینی و کولتووری، بەهێزکردنی ژینگەیەکی لێبووردەیی و رێز لهيهكگرتن.
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیدا هاتووە، پەتریارک ئیگناتیۆس ئەفرامى دووەم سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پاراستن و پشتگیریکردنی کریستیانە ئاوارە و پەنابەرەکان، ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستانى کرد وەکو نموونەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە ناوچەکەدا.
دۆخی سووریا و ئاستەنگە هەنووکەییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبهش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ