رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنی رووبەڕوون، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگی شەش هەفتەی رابردوو بەرلەوەی مۆڵەتی ئاگربەستە کاتییەکە تەواو بێت.
دوو بەرپرسی ئەمریکی و دیپلۆماتێکی وڵاتانی نێوەندگیر بە ئاژانسی (AP)یان راگەیاند، واشنتن و تاران لە سەر بنەمای دەستپێکردنی خولی دووەمی گفتوگۆکان رێککەوتوون. هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی لە سەر شوێنەکە نەدراوە، بەڵام هەریەکە لە شاری ئیسلامئابادی پاکستان و جنێڤ لە سویسرا وەک دوو بژاردەی سەرەکی باس دەکرێن. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە 16-04-2026، گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد دا "پێشکەوتنی باش" لە سەر پرسی ئەتۆمی بەدەستهاتووە. ڤانس ئاشکرای کرد، ئەمریکا سوورە لە سەر گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان بۆ دەرەوەی ئێران و دانانی میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە داهاتوودا.
ڤانس گوتی: "ئێرانییەکان بە ئاراستەی مەرجەکانی ئێمە جووڵاون، بەڵام نوێنەرەکانیان نەیانتوانی رێککەوتنەکە واژۆ بکەن چونکە پێویستیان بە رەزامەندیی سەرکردایەتیی تاران هەبوو." جێگری سەرۆک گوتیشی، ترەمپ ئارەزوو دەکات ئێران وەک "وڵاتێکی ئاسایی و خاوەن ئابوورییەکی ئاسایی" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئێراندایە بۆ نانی هەنگاوی داهاتوو.
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، پێشنیازی میوانداریکردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان کردووە بەرلە تەواوبوونی ماوەی ئاگربەستەکە. یەکێک لە بەرپرسە پاکستانییەکان گوتی: "گەڕی یەکەم تەنیا دەسپێکی پڕۆسەیەکی دیپلۆماسیی بەردەوام بوو، نەک تەنیا هەوڵێکی یەکجارەکی." وڵاتانی ناوچەکەش ئێستا لەگەڵ واشنتن لە گفتوگۆدان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە 14 رۆژییەکە تاوەکو کات بۆ دیپلۆماسی بڕەخسێت.
لە کاتێکدا دەنگۆی دانوستاندن گەرمە، کۆشکی سپی هێشتا زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێت. کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "سەرۆک ترەمپ و جێگری سەرۆک هێڵە سوورەکانی ئەمریکایان بە روونی دیاریکردووە. بێئومێدیی ئێرانییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن تەنیا دوای ئەوە زیادیکرد کە سەرۆک ترەمپ گەمارۆیەکی دەریایی یەکجار کاریگەری بە سەر بەندەرەکانیاندا سەپاند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ