سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل هەڵدەپەسێرین

14-04-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردووە، کە تایبەت بووە بە ئاڵوگۆڕی کەرەستەی سەربازی و توێژینەوەی تەکنەلۆجی.
 
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، میلۆنی لە پەراوێزی بۆنەیەکدا لە شاری ڤێرۆنای ئیتاڵیا رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، حکومەت بڕیاریدا نوێکردنەوەی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت."
 
میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی میلۆنی بەهۆی دۆخی ئێستاوەیە و ئەم هەنگاوەش ئاڵوگۆڕکردنی کەرەستە و تەکنەلۆجیای سەربازی لەنێوان هەردوو وڵات رادەگرێت.
 
بەرپرسێکی ئیتاڵی رۆژی سێشەممە بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاست کردەوە کە رێککەوتنەکە هەڵپەسێردراوە. ئاژانسە هەواڵییەکە لەسەر زاری بەرپرسەکەوە گوتی :"لە لایەنی سیاسییەوە زەحمەت بوو بەردەوام بین لەسەر ئەو رێککەوتنە."
 
رێککەوتنەکە ساڵی 2006 واژۆ کرا و هەر پێنج ساڵ جارێک نوێ دەکرایەوە. 
 
رێککەوتنەکە داوای پێکەوەکارکردن لە بوارەکانی بەرگری، پەروەردە و راهێنانی هێزە سەربازییەکان و توێژینەوە لە تەکنەلۆجیای زانیاری دەکات. 
 
لە هەفتەی رابردووەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئیتاڵیا و ئیسرائیل زیادیان کردووە، دوای ئەوەی کە رۆما سەربازانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی تەقەی هۆشدارییان بەسەر کاروانێکی سەربازانی ئیتاڵی لەنێو هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان کردووە. 
 
ئیتاڵیا باڵیۆزی ئیسرائیلی بانگ کرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی پێ بگەیێنێت، لەسەر ئەو رووداوە کە زیانی بە لانیکەم یەک ئۆتۆمبێلی سەربازی گەیاند، بەڵام زیانی گیانی نەبوو. 
 
رۆژی دووشەممە، دوای ئەوەی کە ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رووداوەکەی سەرکۆنە کرد، ئیسرائیل باڵیۆزی ئیتاڵیای بانگ کرد.
 
تایانی کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، رۆژی دووشەممە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە، لە بەیرووت بوو. 
 
دواتر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، تایانی نووسی: "هاوسۆزیی ئیتاڵیا [بۆ لوبنان دەردەبڕم] دوای هێرشە قبووڵنەکراوەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی سڤیل."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ لە ئۆڤەڵ ئۆفیس

ترەمپ: ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێ و دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە بنبەست.