بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی رو‌واندا 25 ساڵ بەنددەكرێت

15-03-2014
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو - ئاژانسەكان

دادگای فەرەنسا سزای 25 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر  بەرپرسی پێشووی هەواڵگری وڵاتی رو‌واندا سەپاند، دوای ئەوەی دەركەوت كە دەستی لە تاوانەكانی جینۆسایدی خەڵكی رو‌واندا هەبووە، كە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس تێیدا بوونە قوربانی.

پاسكاڵ سیمبیكانگوای تەمەن 54 ساڵ، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری ر‌وواندا، دوای زیاتر لە  پێنج هەفتە لە دادگاییكردن، لەلایەن دادگای باڵای فەرەنساوە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی خەڵكی رو‌واندا لە ساڵی 1994، كە ژمارەی قوربانییانی لە 500 هەزار كەس بۆ نزیكەی یەك ملیۆن خەمڵێنراوە، وەك تاوانباری دژ بە مرۆڤایەتی ناسێنرا‌و بە بڕیاری دادگاش 25 ساڵ لە زینداندا بەسەر دەبات.

پارێزەرانی سیمیبیكانگوای بڕیارەكەی دادگایان بە نادادپەروەرانە وەسفكرد و رایانگەیاند پرۆسەكە دادگاییەكی سیاسی بووە.

لە رووداوەكانی ساڵی 1994 لە ر‌وواندا، لەماوەی 100 رۆژدا، كە لە 7ی نیسان دەستیپێكرد تا نیوەی دووەمی مانگی تەمموزی هەمان ساڵ، نزیكەی 500 هەزار تا یەك ملیۆن كەس بوونە قوربانی و شار و رێگا گشتییەكان لەو ماوەیەدا بە لاشەی قوربانیان داپۆشرابوون، ئەم رێژەیەی قوربانیانی رووداوەكە، دەكاتە نزیكەی 20%ی كۆی دانیشتو‌وانی خەڵكی رو‌واندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە