باڵیۆزى ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان؛ 'بەرژەوەندیى دیکتاتۆرەکان دەپارێزن'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشێکی تووندی کردە سەر رێکخراوەکە و رایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی لایداوە و لەبری چەسپاندنی ئاشتی، بووەتە شوێنێک بۆ رێزلێنان لە "دیکتاتۆرەکان".
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026 مایک واڵتز لە لێدوانێکدا رەخنەی لە کارایی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و گوتی: "بە ڕاشکاوی دەڵێم، نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێڕەوی خۆی لایداوە. لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، بودجەی ئەم رێکخراوە، چ ئەو بەشەی دیاریکراوە و چ ئەو بەشەی بە خۆبەخشی دەدرێت، 4 هێندە زیادیکردووە، کەچی ئێمە نەمانبینیوە ئاشتی 4 هێندە زیاد بکات."
 
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتێکدا جەنگەکان جیهانیان گرتووەتەوە، لە ئاژانسەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "رێز لە رژێمە دیکتاتۆرییەکان دەگیرێت." واڵتز گوتیشی، دیوانسالاریی لە نێو رێکخراوەکەدا زۆرتر بووە، بەڵام ئەنجامەکان رۆژ بە رۆژ کەمدەبنەوە.
 
واڵتز رەخنەی لە ئەجێنداکانی رێکخراوەکە گرت و رایگەیاند، لەبری ئەوەی سەرنج بخەنە سەر بنەماکانی وەک ئاشتی و ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکی پەرەپێدانی ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی گرانبەهایە، وەک "ئەجێندای 2030" و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
 
هەروەها گوتیشی: "تەنانەت بە گوتەی خودی سکرتێری گشتیش، ئەو ئامانجانە شکستیان هێناوە."
 
ئەم هێرشە تووندەی باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی خۆیدایە لە بەرامبەر جەنگی ئێران و لوبنان.  ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە تەواوی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دانوستاندنەکانی ئاشتی پەراوێز خستووە و پەنای بۆ "پڕۆسەی ئیسلامئاباد" بردووە کە تێیدا پاکستان، تورکیا، میسر و چین رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن.
 
واشنتن نیگەرانە لەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە رێگری لە داخرانی تەنگەی هورمز بگرێت، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار و دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە 16 وڵاتی جیهاندا. 
 
دروستکردنی "بۆردی ئاشتی"  وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپ، وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ ئەو "سەرگەردانی و شکستییە" مێژووییەی کە مایک واڵتز لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی دەکات. ئەم بۆردە وەک جێگرەوەیەکی کردەیی و بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنیاز کراوە.
 
شکستی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد و پەنابردنی ئەمریکا بۆ گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن چیتر چاوەڕێی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە