رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-04-2026 گەشتێکی دیپلۆماسیی چوار رۆژە بۆ سعودیە، قەتەر و تورکیا دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئیسلامئاباد هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران چڕ کردوونەتەوە.
ئەجێندای گەشتە دیپلۆماسییەکە
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، سەردانەکانی شەهباز شەریف بۆ سعودیە و قەتەر لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا دەبێت. لە تورکیاش، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بەشداری لە (کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا) دەکات و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و چەند سەرکردەیەکی دیکە کۆدەبێتەوە.
نێوەندگیریی پاکستان لە جەنگی ئێراندا
رۆژی 11ی نیسان، دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە شکستهێنانی دانوستاندنەکان راگەیێندرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، رەنگە ئەم هەفتەیە دانوستاندنەکان لە پاکستان دەستپێبکەنەوە.
ئێستا ئاگربەستێکی لەرزۆک تاوەکو هەفتەی داهاتوو هەیە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا فەرمانی گەمارۆدانی دەریایی ئێرانی داوە. شەهباز شەریف لەم گەشتەیدا لەلایەن ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە هاوڕێیەتی دەکرێت.
پاڵپشتیی دارایی سعودیە بۆ پاکستان
هاوکات لەگەڵ ئەم گەشتە، وەزارەتی دارایی پاکستان رایگەیاند کە ریاز بڕی 3 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئیسلامئاباد دەکات بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە.
هەروەها سعودیە بڕیاری داوە ماوەی سپاردەیەکی دیکەی 5 ملیار دۆلاری بۆ پاکستان درێژ بکاتەوە. ئەم پاڵپشتییە دوای ئەوە دێت کە پاکستان رایگەیاند، ملیارەها دۆلار قەرز بۆ ئیمارات دەگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ