رووداو- واشنتن
کاریگەری گرژییەکانی باکووری کوردستان و شەڕ و پێکدادانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، بۆ ناو رەوندی کورد و تورک لە ئەمریکاش گواسترایەوە و ئەو دوو پێکهاتەیە دژی یەکدی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
رۆژی هەینی 15-1-2016، له‌لایه‌كی شه‌قامی ماسه‌چوسێتسی واشنتن، كه زۆربه‌ی باڵیۆزخانه‌كانی تێدایە، خۆپیشانده‌رانی كورد ده‌وڵه‌تی توركیایان به "لایه‌نگری تیرۆر" و "هاوپه‌یمانی داعش" تۆمه‌تبار ده‌كرد. له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه، خۆپیشانده‌رانی تورک ده‌یانگوت، توركیا شه‌ڕێكی شه‌رعی دژی "تیرۆر" ده‌كات كه "تیرۆری پارتی كرێكارانی كوردستان-پەکەکە"یه.
کوردانی واشنتن مۆڵەتی چوارمانگیان بۆ گردبوونەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا وەرگرتووە.
سه‌ره‌تا بڕیاربوو ته‌نیا کوردانی ناڕازی خۆپیشاندان بکەن. ئەوان رۆژی 15-1-2016-یان هه‌ڵبژارد تاهاوتابێت له‌گه‌ڵ یادی له‌دایكبوونی مارتن لوسه‌ر كینگ، كه‌به كاریگه‌رترین چالاكڤانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری ره‌شپێسته‌كان له ئه‌مریكا داده‌نرێت.
بەڵام لایەنگرانی حکومەتی تورکیا کە زانیان دژی ده‌وڵه‌تی توركیا خۆپیشاندان ده‌كرێت، هەوڵیاندا کاریگەری خۆپیشاندانی کوردان کەمبکەنەوە و بە ژماره‌یه‌كی زۆرتر و كه‌ره‌سته‌ی كاریگه‌رتره‌وه هاتن لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی کورد لەو بەری شەقامی سەنگەریان گرت و دروشمی "په‌كه‌كه وه‌كو داعش تیرۆریسته"یان گوتەوە.
پێش ئه‌م خۆپیشاندانه، هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبوویه‌وه كه هێزەکانی تورکیا هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی حكومه‌تی توركیایان به "كۆمه‌ڵكوژی به‌ئه‌نقه‌ست"ی گه‌لی كورد تۆمه‌تبار كردبوو و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌ستگیری كردوون. له واشنتن، حكومه‌تی ئه‌مریكا یه‌كسه‌ر دژی ئه‌و كاره وه‌ستایه‌وه.
جۆن كێربی، گووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا لەو بارەوە رایگەیاند: "راپۆرتمان دیووه كه ئەكادیمیناسی توركیا لێكۆڵینه‌وه‌یان لێكراوه و ده‌ستگیراكراون به‌هۆی ده‌ربڕینی بۆچوونیانه‌وه له‌سه‌ر ململانێی باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا. ئه‌م كرداره وه‌كو به‌شێك له ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌بینین له توركیا، كه تێیدا دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان، هێزه‌كانی راپه‌ڕاندنی یاسا، و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌كارده‌هێندرێت بۆ رێگرتن له روودانی گوتاری سیاسی شه‌رعی".
ئەگەرچی ئەمریکا هەڵویستی هەبووە لەسەر رووداوەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەکادیمیستەکانی تورکیا، به‌ڵام واشنتن هێشتا دابینكه‌ری سه‌ره‌كی چه‌كه بۆ توركیا و په‌كه‌كه‌ش به گرووپێكی تیرۆریستی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ