کۆنفرانسی میونشن بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەستیپێکرد

16-02-2018
رووداو @Rudawkurdish
 نزیکەی 600 سەرۆک، سەرکردە، سیاسەتڤان و بەرپرسی جیهان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن
نزیکەی 600 سەرۆک، سەرکردە، سیاسەتڤان و بەرپرسی جیهان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن
نیشانەکردن میونشن نێچیرڤان بارزانی مەسروور بارزانی
A+ A-

رووداو - میونشن

کاژێر 16:00 ی ئەمڕۆ هەینی 16-2-2018 بە کاتی هەرێمی کوردستان، 54 مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا بە گوتاری ئۆرسۆلۆ ڤۆن دێرلاین، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. ڤۆن دێرلاین لە گوتارەکەیدا باسی گرنگیی یەکێتیی ئەوروپا و کارکردنی لەگەڵ ناتۆ کرد.

کۆنفرانسەکە بە بەشداری نزیکەی 600 سەرۆک، سەرکردە، سیاسەتڤان، پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسی جیهان ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت و تێیدا باسی چەندین تەوەر دەکرێت. 

لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن. 

گوتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە ببینە


ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە میونشن رایگەیاند: "نزیکەی 600 سەرۆک، سەرکردە، سیاسەتڤان و بەرپرسی جیهان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن، لەنێویاندا زیاتر لە 80 وەزیری بەرگریی وڵاتان هەن، کێشەی سووریاش بابەتێکی هەرە گەرمی کۆنفرانسەکەیە".

پەیامنێری رووداو راشیگەیاند: "لە ئێستاوە تاوەکو کاژێر 22:00 بە کاتی کوردستان پانێڵ لەدوای پانێڵ پێشکەشدەکرێن، دواتر ئەو سەرۆک و سەرکردانەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن دەتوانن کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانیان ئەنجامبدەن".

لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی کوردستان لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا ئاڵا شاڵی گوتی: "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کاژێر 16:00 لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و دواتر لەگەڵ ئۆرسۆلۆ ڤۆن دێرلاین، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە. بۆ بەیانیش پرۆگرامێکی چڕوپڕیان هەیە و کۆبوونەوە لەدوای کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن".

لەبارەی ناڕەزایەتیی چالاکڤانان کە وەکو کولتوورێکی لێهاتووە و ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، لەبەردەم ئەو هۆتێلەی کۆنفرانسەکەی لێ بەڕێوەدەچێت خۆپیشاندان دەکەن، ئاڵا شاڵی گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پۆلیسەوە پێماندراون، داواکاری بۆ ئەنجامدانی 20 خۆپیشاندان پێشکەشکراوە، بەڵام بچووکن و تەنیا یەکێکیان گەورەیە، ئەویش بڕیارە سبەی شەممە 17 ی شوبات بە بەشداری 4 هەزار کەس ئەنجامبدرێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە 4 هەزار پۆلیس و 230 سەربازی سوپای ئەڵمانیا هۆتێلی 'بایەریشەر هۆف' دەپارێزن کە کۆنفرانسەکەی لێ بەڕێوەدەچێت.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە