رووداو دیجیتاڵ
لە دوای ئەوەی حکومەتی ئەسیوپیا باری نائاسایی راگەیاند، پۆلیس دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەوانەی کە گوماندەکرێت ئەندامی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتی ئەسیوپیا بن، بە دیاریکراویش تیگرەییەکان.
بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت پۆلیسی خۆبەخشی دامەزراندووە و کۆڵان بە کۆڵان لە ناسنامەی گەنجان دەپێچنەوە و هەر کەسێک دانیشتووی هەرێمی تیگرای بێت دەستبەسەری دەکەن.
لیول حەسەن، پۆلیسی خۆبەخش دەڵێت، "ئێمە چاودێری و پاراستنی ئاسایشی گەڕەکەکان دەکەین، ئەمەش بە هاوکاری ئەو گەنجانەی لێرە دەیانبینیت. ئێمە بە گرووپ دەگەڕێین. ئێمە دواهەمین گرووپی ئێشکگری ئەمشەو دەبین."
بەگوێرەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ئاگادار لە بارودۆخی ئەسیوپیا، لەدوای ئەوەی هێزە دژبەرەکانی حکومەت شارەکانی دێسی و کۆمبۆلچایان کۆنترۆڵکردووە، تاوەکو ئێستا بە هەزاران هاوڵاتیی تیگرای کە لە ئەدیس ئەبابا دەژین، دەستگیرکراون.
بەشێک لە تیگراییەکانی پایتەخت لە ترسی گرتن و راوەدوونانیان خۆیان شاردووەتەوە.
یەکێک لە دانیشتووانی ئەدیس ئەبابا لە تیگرای دەڵێت، "ئەوان هەموو تیگراییەکان وەکو ئەندامی بەرەی رزگاریخوازی تیگرای و سیخووڕ دەبینن. هەر کەسێکی ئاسایی، وەکو کرێکاری بیناسازی هەتا ژنیش کە لە ماڵەوە خواردن دروستدەکات، بە گومانلێکراوی دەزانن. بۆ ئێمە زۆر قوڕسە بتوانین بە زمانی خۆمان قسەبکەین. ئێمە ناتوانین بچینە دەرەوە و هەر لە ماڵەوەین. ئێستا لەژێر ناوی باری نائاسایی، ئەوان هەموو کەسێک بەبێ هۆکار دەستگیر دەکەن و ناشزانیت بۆ کوێت دەبەن."
نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، هێزەکانی دژبەری حکومەتی ئەسیوپیا رایانگەیاند کە دوو شاری نزیک لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیایان کۆنترۆڵکردووە و 25 کیلۆمەتر لە پایتەخت نزیکبوونەتەوە. دواتر حکومەتی ئەسیوپیا باری نائاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ راگەیاند.
بارە نائاساییەکە رێگە دەدات بە حکومەت رێگەکان دابخات، هێڵەکانی پەیوەندی بوەستێنێت و هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێبکات کە وەک "تیرۆریست" دەیانناسێنێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ