دژایەتیی ترەمپ بۆ ناتۆ؛ مێژوویەکی 40 ساڵە و جەنگی ئێران وەک وێستگەی کۆتایی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونە کە دەڵێ، "هاوپەیمانەکانی واشنتن تەنیا سواری شانمان بوون و کاتی ئەوە هاتووە دەستبەرداریان بین". ئەمە تەنیا هەڵچوونێکی کاتیی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو رەگێکی مێژوویی 40 ساڵەی هەیە کە ئێستا لە نێو جەنگی ئێران دا گەیشتووەتە لووتکە.
 
لە کاتێکدا ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی کشانەوە لە ناتۆ دەکات، ململانێیەکی یاسایی قووڵ لە واشنتن لە ئارادایە، کە تێیدا مارکۆ رووبیۆ، داکۆکیکاری دوێنێی ناتۆ و وەزیری دەرەوەی ئەمڕۆ، وەک کارەکتەری سەرەکیی یارییەکە دەردەکەوێت.
 
ستوونەکەی 1987 و دووبارەبوونەوەی مێژوو
 
هەڵوێستە دژبەرەکەی ترەمپ بەرامبەر ناتۆ نوێ نییە. لە 2ـی ئەیلوولی 1987دا، ترەمپی بازرگان 94 هەزار و 801 دۆلاری خەرج کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ستوونێکی سەرنجڕاکێش لە رۆژنامەکانی (نیویۆرک تایمز) و (واشنتن پۆست)، تاوەکو تێیدا بپرسێت: "بۆچی ئەمریکا بە ملیاران دۆلار بەرگری لە هاوپەیمانان دەکات بێ ئەوەی ئەوان هیچ شتێک بکەن؟"
 
ئەو کات ترەمپ لەوە تووڕە بوو کە هاوپەیمانەکان کەشتیی "پاککەرەوەی مین"یان بۆ پاککردنەوەی ئاوەکانی کەنداو نەناردبوو. ئێستا دوای 40 ساڵ، رێک هەمان بابەت بووەتەوە هۆی تووڕەیی ترەمپ لە کاتی جەنگی ئێران دا.
 
زنجیرەی هەڕەشەکان؛ لە 2016ـەوە تاوەکو گەڕانەوە بۆ دەسەڵات
 
ئەورووپییەکان رەنگە ستوونەکەی ساڵی 1987ـی ترەمپیان نەخوێندبێتەوە، بەڵام لە 2016دا بە باشی گوێیان لێ بوو کاتێک ترەمپ گوتی، "ئەندامانی ناتۆ باجەکانیان نادەن" و هەڕەشەی کرد کە بەرگری لە وڵاتانی باڵتیک ناکات، ئەگەر ئەرکە داراییەکانیان جێبەجێ نەکەن.
 
پێش ئەوەی لە 2017 دەستبەکار بێت، ناتۆی بە "هاوپەیمانییەکی بەسەرچوو" ناوبرد. لە لووتکەی 2018ـی برۆکسلیشدا، رووبەڕوو بە سەرکردە ئەورووپییەکانی گوت کە بیر لە کشانەوە دەکاتەوە و دواتر لە بانگەشەیەکدا گوتی: "پێمگوتن ئەگەر پارە نەدەن جێتان دەهێڵم، ئیدی دەستبەجێ دەفتەری چەکەکانیان دەرهێنا."
 
جەنگی ئێران؛ تاقیکردنەوەی کۆتایی
 
لە 2024ـەوە هەڕەشەکان تووندتر بوون، کاتێک ترەمپ گوتی رووسیا دەتوانێت "هەرچییەکی بوێت" بەرامبەر ئەو هاوپەیمانانە بکات کە پارە نادەن. دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە 2025، سەرەتا وا دەردەکەوت پەیوەندییەکان ئاسایی بن، بەڵام هەڕەشەی کڕین یان داگیرکردنی "گرینلاند" و رەخنەکانی لە رۆڵی ئەورووپا لە ئەفغانستان درزەکەی گەورەتر کرد.
 
ئێستا جەنگی ئێران بووەتە تاقیکردنەوەی کۆتایی؛ کاتێک هاوپەیمانەکان دیسان ئامادە نەبوون کەشتیی پاککەرەوەی مین بنێرن، ترەمپ لە 20ـی ئازاری 2026 لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسی: "بەبێ ئەمریکا، ناتۆ تەنیا پڵنگێکی کارتۆنییە! ئەوان ترسنۆکن و ئێمە ئەمەمان لەبیر ناچێت."
 
رۆژی 1ـی نیسان، ترەمپ راشکاوانە رایگەیاند کە "بە دڵنیاییەوە و بێ هیچ گومانێک" بیر لە کشانەوە لە ناتۆ دەکاتەوە. ئەمە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە پیت هیگسەس، وەزیری بەرگری، ئامادە نەبوو پابەندبوونی ئەمریکا بە "بەرگریی بەکۆمەڵ" دووپات بکاتەوە.
 
ناتۆ کە لە 1949 بۆ بەرپەرچدانەوەی سۆڤیەت دامەزرا، ئێستا لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدایە. ماددەی 5ـی پەیماننامەکە کە دەڵێت "هێرش بۆ سەر یەکێکمان، هێرشە بۆ سەر هەمووان"، تەنیا یەکجار لە مێژوودا و دوای 11ـی سێپتێمبەر بۆ پاراستنی ئەمریکا بەکارهێنراوە، بەڵام ترەمپ ئێستا ئەو پابەندییە بە بایەخ نازانێت.
 
بەربەستە یاساییەکان و گۆڕانی هەڵوێستی مارکۆ رووبیۆ
 
کشانەوە لە ناتۆ ئاسان نییە. لە 2023دا، کۆنگرێس یاسایەکی پەسند کرد کە رێگری لە هەر سەرۆکێک دەکات بەبێ رەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، ئەمریکا لە ناتۆ بکێشێتەوە. جێی سەرنجە یەکێک لەوانەی ئەو یاسایەی داڕشت، مارکۆ روبیۆ بوو؛ کە ئێستا وەزیری دەرەوەی ترەمپە.
 
روبیۆ ئێستا هەڵوێستی گۆڕاوە و دەڵێت: "بەداخەوە دەبێت پێداچوونەوە بکەین ئایا ئەم هاوپەیمانییە هێشتا لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە یان نا." پسپۆڕانی یاسایی دەڵێن ترەمپ دەتوانێت پشت بە بڕیارێکی وەزارەتی داد لە 2020 ببەستێت کە دەڵێت "سەرۆک دەسەڵاتی رەهای هەیە بۆ کشانەوە لە پەیماننامەکان."
 
داهاتووی ئەورووپا و "پاشەکشەی بێدەنگ"
 
تەنانەت ئەگەر ترەمپ بە فەرمیش ناتۆ جێنەهێڵێت، دەتوانێت پرۆسەی "پاشەکشەی بێدەنگ" دەستپێبکات؛ وەک دانەنانی باڵیۆز، کشانەوەی هێزەکان لە ئەڵمانیا، یان بەشدارینەکردن لە مەشقە سەربازییەکان.
 
فڕانسوا هایسبۆرگ، پسپۆڕی ستراتیژی دەڵێت: "یەکەم قوربانیی ئەم کشانەوەیە ئۆکراینا دەبێت." لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی واشنتن و لەندەن تێکچوون و وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و ئیسپانیاش ئاسمانی خۆیان بە رووی فڕۆکە ئەمریکییەکاندا سنووردار کردووە، پێدەچێت ئەمە بووبێتە دوایین "بزمار لە تابووت"ی پەیوەندییەکانی ترەمپ و ناتۆدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە