رووداو - AFP
سەربازانی ئیسرائیلی بەشدارییان لە مەشقێکی سەربازیدا کرد لە بەرزاییەکانی جۆلان لە نزیک سنووری وڵاتەکەیان و لوبنان.
ئەو مەشقە لە بەرزاییەکانی جۆلان لەکاتێکدایە بەهۆی شەڕی غەززە لەنێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.

لەگەڵ دەستپێکی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردوو کە لە نیو کاژێردا 5 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی دەستپێکردووەتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بەجۆرێکە، تائێستا زیاتر لە 11 هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون، لەکاتێکدا ژمارەی قوربانییانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 1200 کوژراو.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەنێو سووریاوە ناوچە جیاجیاکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەنە ئامانج. حیزبوڵڵای لوبنانیش لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانەوە مووشەک ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەکات، سوپای ئیسرائیلیش لە رێگەی بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی پێگەکانی ئەو گرووپانەوە وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.