رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە لە واشنتن دیسی سوێندی یاسایی بخوات. رێوڕەسمەکە بە بەشداریی ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتی و بازرگانە دیارەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت. بەشێکیشیان بڕیاریان داوە بایکۆتی رێورەسمەکە بکەن.
لەو رۆژە دا جگە لە دۆناڵد ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاش سوێندی یاسایی دەخوات.
پرۆسەکە چۆنە؟
رۆژی 20ی مانگ، کاژێر 8:00-9:00ی بەیانی بەکاتی واشنتن (17:00-18:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس دەچنە کەنیسەیەکی واشنتن دیسی و بەشداری چەند رێورەسمێکی ئایینی دەکەن.
پاشان کاژێر 9:30-10:30ی بەیانی بەکاتی واشنتن دی سی (18:30-19:30ی شەو بەکاتی هەولێر)، ترەمپ و ڤانس دەچنە باڵەخانەی کۆنگرێس. لەوێ ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەکرێت.
کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بەکاتی واشنتن (20:00ی شەو بەکاتی هەولێر لە باڵەخانەی کۆنگرێس سەرۆک و جێگرەکەی سوێندی یاسایی دەخۆن.
پاشان کاژێر 1:00-3:00ی دوانیوەڕۆ بەکاتی واشنتن دی سی (کاژێر 21:00-23:00ی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر) سەرۆک و جێگرەکەی بە ئۆتۆمبێلێکی سەر کراوەوە لە شەقامی پێنسلڤانیاوە بەرەو کۆشکی سپی دەچن.
کاژێر 6:00-7:00ی ئێوارە بەکاتی واشنتن دیسی (کاژێر 03:00-04:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر) پارچە میوزیکێک لە کۆشکی سپی لێدەدرێت. ئەگەری ئەوەش هەیە سەرۆکی نوێ و هاوژینەکەی کەمێک سەما بکەن. دواتر، نانی ئێوارە دەخورێت و مەراسیمەکە کۆتایی دێت.
کێ بەفەرمی بانگهێشتکراوە؟
بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە سیاسییەکان بە فەرمی بانگێشتکراون و بەشداریکردنیان یەکلابووەتەوە، لەوانە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ تاکیشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن؛ سوبرەمانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستانن. سەرۆکی چین بانگهێشتکراوە، بەڵام خۆی ئامادە نابێت و نوێنەرێکی دەنێرێت.
هەروەها، چەندین سیاسی و سەرکردەکان بە تایبەتی لە پارتە راستڕۆ، تووندڕۆ و دژەکۆچبەر بانگهێشتکراون. لەوانە: خافێر میلی، سەرۆکی ئەرژەنتین؛ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا؛ نیگل فاراگ، سەرۆکی پارتی ریفۆرمی بەریتانیای تووندڕۆ؛ تینۆ چروپالا، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، نوێنەری ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.
جگە لەو کەسایەتییە سیاسیانە، باڵیۆزی وڵاتان لە ئەمریکا بانگهێشتی رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەکرێن. لەنێویاندا تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دیارترین سەرکردەیە کە تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەمریکاوە بانگهێشتنەکراوە.
لەنێوخۆی ئەمریکاش ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی بەشداری دەکەن کە دیارترینیان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە بەشداری دەکەن. هەروەها، بەشێکیشیان بەشداریکردنیان رەتکردووەتەوە، لەوانە میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکایە.
تائێستا بەفەرمی بانگهێشتکردنی هیچ سەرکردە و سیاسییەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکە لەلایەن ترەمپ و کۆشکی سپییەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
چەند کەس بەشداری دەکەن؟
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت سەروو 200 هەزار کەسی ئاسایی بەشداری لەو مەراسیمەدا بکەن، بەڵام دەبێت بلیت بکڕن کە نرخەکەی نزیکەی 500 دۆلارە. بلیتەکان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسی هەریەک لە ویلایەتەکانەوە بەسەر کڕیارەکاندا دابەشدەکرێت.
ئامادەبوونی سەرکردە، کەسایەتییە دیار و بازرگانەکان بە چەند رێگەیەک دەبێت. لەلایەن کۆشکی سپی، یان سەرۆکی هەڵبژێردراو، یان لیژنەی سەرپەرشتی و ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ سەرۆک هەیە و هاوکاری داراییان بۆ کاتی هەڵبژاردن یان بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە دابینکردووە، بانگهێشت دەکرێن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بەرپرس، کەسایەتی و بازرگانانی وڵاتان دەتوانن بە پێدانی پاڵپشتیی دارایی بە لیژنەی رێکخەری بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە مافی ئامادەبوون بەدەستبهێنن. دەکرێت چەند شوێنێکی جیاوازیان بۆ دابینبکرێت.
خەرجی رێوڕەسمی سوێندخواردن
رێوڕەسمەکە لەلایەن لیژنەیەکی حکومی کە تایبەتە بە سوێنددانی بەرپرسانی ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، تاوەکو ئێستا ئەو لیژنەیە زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە کە زۆرترینە لە مێژوودا.
لیژنەکە خەرجییەکانی رێوڕەسمەکە لەو پارەیە دابیندەکات کە لەلایەن بەخشەرانەوە پێیان دەدرێت، لەوانە بارزگانان، کۆمپانیاکان، کەسایەتییە دیارەکان و خەڵکی دیکە.
تائێستا ئیلۆن مەسک، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا چەند ملیۆن دۆلارێک، جێف بیزۆس، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەمەزۆن یەک ملیۆن دۆلار و مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا یەک ملیۆن دۆلاریان بەو لیژنەیە داوە. شۆو زی چیو، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تیکتۆکیش بڕێک پارەی داوە، بەڵام بڕەکەی ئاشکرا نەکراوە.
دیارترین ئەو هونەرمەندانەی بەشداری رێوڕەسمەکە دەکەن
بەشێکی رێوڕەسمەکە تایبەتە بە میوزیک و گۆرانی. بۆ ئەمەش چەند هونەرمەندێک ئامادە دەبن، دیارترینیان کاری ئەندەرود، گۆرانیبێژی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئەمەریکان ئایدڵە.
ئەندەرود گۆرانیی "ئەمەریکا جوانە" دەڵێت کە شیعرەکەی ساڵی 1893 لەلایەن کاسرین لی بایتسەوە نووسراوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، کاری لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "وڵاتەکەمم خۆشدەوێت و شانازی دەکەم کە داوام لێکراوە لە مەراسیمی سوێندخواردندا گۆرانی بڵێم و ببمە بەشێکی بچوک لەم کارە مێژووییە".
هەریەک لە لی گرینود، گۆرانیبێژی ئەمریکی و کریستۆفەر ماکچیۆ، گۆرانیپێژی ئۆپراش بەشداری دەکەن.
بڕیارە لەو مەراسیمەدا ژمارەیەک گرووپی دیکەی هونەریش چالاکیان هەبێت و نمایشی جیاواز پێشکێشی ئامادەبووان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ