ترەمپ: سەرکەوتن لە ئێران نزیکە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتارێکی نوێدا لە شاری لاس ڤێگاس، وێنەیەکی گەشبینانەی بۆ ئەنجامەکانی جەنگی ئێران کێشا و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە "سەلامەتی و بێ کێشە" بەرەو کۆتایی دەچن.
 
ترەمپ گوتی، هەرچەندە ئارەزووی هەڵگیرساندنی ئەم جەنگەی نەبووە، بەڵام هەنگاوێکی "ناچاری" بووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "نەماندەتوانی رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە دەبوو بچینە ناو ئەو وڵاتە تاوەکو رێگرییان لێ بکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی تواناکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و گوتی، "سوپای ئەمریکا بەهێزترینە لە جیهان دا". ترەمپ گوتی، ئاستی سەربازیی هێزەکانیان لەم جەنگەدا "نموونەیی" بووە و واشنتن ئێستا توانای هەیە هەر کارێک لە ناو ئێران دا بیەوێت، بیکات. 
هەروەها گوتی: "جەنگ تەنیا دوو مانگی خایاند و سەرکەوتن زۆر نزیک بووەتەوە."
 
لە گێڕانەوەی وردەکاریی رووبەڕووبوونەوەکان دا، ترەمپ ئاماژەی بە رووداوێکی سەرنجڕاکێش کرد و گوتی: "یەکێک لە کەشتییە جەنگییەکانمان رووبەڕووی هێرشێکی چڕ بووەوە کە تێیدا 111 مووشەک ئاراستەی کرابوو، بەڵام هەموویان بە سەرکەوتوویی تێکشکێندران."
 
ترەمپ هەروەها گوتی، لەناوبردنی کەشتیگەلی ئێرانی ئێستا "راستییەکی حاشاهەڵنەگرە."
 
سەرەڕای هەڕەشەکان، ترەمپ دانی بە هێزی لایەنی بەرامبەردا نا و گوتی: "ئێران وڵاتێکی بەهێز و زیرەکە و جەنگاوەری زۆر سەرسەختیان هەیە." بەڵام دووپاتی کردەوە، ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا بەدیهاتوون و جەنگەکە "زۆر بە زوویی کۆتایی دێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن، ئاگربەستێکی 10 رۆژی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بڕیاریشە شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان کۆببنەوە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە