رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و بەریتانیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و هامیش فالکۆنەر، دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا "جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و رەوشی سووریا بوو. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا "سوپاسی رۆڵی ئەرێنیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و سووریا".
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییەوە دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و ناوچەکە لە مەترسیی پێکدادانی زیاتر بپارێزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ