کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد دوای 11 مانگ لە جەنگی ئێران و گرتنی مادۆرۆ گەڕایەوە ئەمریکا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Gerald R. Ford) کە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانە، دوای 11 مانگ مانەوە لە دەریا گەڕایەوە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا. ئەمە درێژترین ئەرکی سەربازییە لە دوای جەنگی ڤیێتنامەوە، کە تێیدا کەشتییەکە پاڵپشتیی جەنگی ئەمریکای دژی ئێران کرد و بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلادا کرد.
 
ئەم کەشتییە پێشکەوتووەی ئەمریکا بە یاوەریی 2 کەشتیی تێکشکێنەر گەیشتە بنکەی دەریایی نۆرفۆلک، لە کاتێکدا پێنج هەزار دەریاڤان چاوەڕێی بینینەوەی خێزانەکانیان بوون بۆ یەکەمجار لەوەتەی مانگی حوزەیرانی پارەوە.
 
جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ستافی کەشتییەکە رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە بووەوە لە بەشی جل شوشتنی کەشتییەکە و بەهۆیەوە سەدان کەس شوێنی نووستنیان لەدەستدا و ناچار بوون بۆ ماوەیەکی زۆر لە دوورگەی کریتی یۆنان نۆژەنی بکەنەوە.
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتی گەیشتنی کەشتییەکان ئامادە بوو. لەسەر کەشتیی تێکشکێنەری بێنبرێج ستایشی تیمەکەی کرد و گوتی: "ئێوە تەنیا ئەرکێکتان جێبەجێ نەکرد، بەڵکو مێژووتان نووسییەوە. نەتەوەیەکتان سەربەرز کرد." هەروەها لەگەڵ تیمی کەشتییەکانی ماهان و فۆردیش قسەی کرد.
 
ئەدمیراڵ داریڵ کۆدڵ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا، ئامارەکانی ئەرکەکەیانی بیرهێنایەوە و گوتی: "ئەمە شتێکی نائاساییە. بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی وەک تووڕەیی داستانئاسا، بڕینی 80 هەزار میل لە دەریا، ئەنجامدانی دوو هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی، خستنەخوارەوەی 200 تۆن تەقەمەنی و 12 هەزار فڕین و نیشتنەوە لەسەر ئەو فڕۆکەهەڵگرە. مەبەستم ئەوەیە ئەمانە ئاماری سەرسوڕهێنەرن."
 
بەپێی تۆڕی هەواڵی پەیمانگەی دەریایی ئەمریکا، مانەوەی کەشتیی فۆرد بۆ ماوەی 326 رۆژ لە دەریا، درێژترین ماوەی مانەوەی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە لە 50 ساڵی رابردوودا و ریکۆردی دوای جەنگی ڤیێتنامی شکاندووە. تەنیا کەشتیی میدوەی لە ساڵی 1973 بە 332 رۆژ و کەشتیی کۆراڵ سی لە 1965 بە 329 رۆژ لەم کەشتییە زیاتر لە دەریا ماونەتەوە.
 
ئەم مانەوە درێژەی کەشتییەکە لە دەریا پرسیاری زۆری دروستکردووە لەسەر کاریگەرییەکانی بۆ سەر دەروونی ئەو سەربازانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە خێزانەکانیان دوور دەکەونەوە، هەروەها دروستبوونی گوشاری زۆر لەسەر کەشتییەکە و کەلوپەلەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کرێملین- رووسیا

گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بۆ رووسیا؛ مۆسکۆ چاوەڕێی بڕیاری تارانە

لێدوانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەبارەت بە ئامادەیی مۆسکۆ بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، لەلایەن سیاسەتمەداران و پسپۆڕانەوە وەک کلیلی چارەسەری قەیرانی ئێران هەژمار دەکرێت.