رووداو- ئەڵمانیا
ئەو کەسەی کە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە کوژرا، خەڵکی باشووری کوردستانە و پێشتر لە شارۆچکەی ئاکرێ دانیشتووە.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دوای بەدواداچوونی وردی بۆ رووداوەکە، لە کەسە نزیکەکانی ئەو کەسەوە کە پۆلیسی ئەڵمانیا کوشتوویەتی بۆی روونبووتەوە کە کوژراوەکە خەڵکی باشووری کوردستانە و ناوی (رەفیق محەممەد ئاکرەییە) و لە ساڵی 1996ەوە باشووری کوردستانی جێهێشتووەو چووەتە ئەڵمانیا.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، رەفیق محەممەد، لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە بەرلین هەوڵی کوشتنی ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقیان داوە، دواتر لە ساڵی 2008 بە فەرمانی دادوەر حوکمی زیندانیکردنی تا ساڵی 2013 بەسەردا سەپێنراوە، دواتر بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لە دادگا دۆسیەی بۆ کراوەتە و بە توندئاژۆ هەژمار کراوە، حکومەتی ئەڵمانیا ئامادە نەبووە دیپۆرتی بکاتەوە.
رۆژی پێنج شەممە 17/9/2015 رەفیق محەممەد، لە لە شەقامی هێڕ لە ناوچەی بەرلین شپەنداو لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژنە پۆلیسێکی تەمەن 44 ساڵان و برینداری دەکات، دواتر لەلایەن پۆلیسێکی دیکەوە تەقەی لێدەکرێت و دەسبەجێ دەکوژرێت.
داواکاری گشتی ئەڵمانیا رایگەیاند "گوماندەکرێت ئەو کەسە سەر بە یەکێک لە گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکان بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ