رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێک گەیشتە چین، ئەوەش بە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی باڵای واشنتن لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بۆ پەکین دادەنرێت، لە کاتێکدا کە دوو زلهێزە رکابەرە رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتییەکە هەوڵدەدەن گرژییەکانی نێوانیان کەمبکەنەوە.
نە پەکین و نە واشنتن چاوەڕێی ئەوە ناکەن ئەم سەردانەی بلینکن خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانیاندا دروستبکات، چونکە دوو ئابوورییە هەرە گەورەکەی جیهان لەسەر چەندین پرس، لە بازرگانییەوە تاوەکو دەگاتە تەکنەلۆژیا و ئاساییشی هەرێمی، ناکۆکییان هەیە.
بەڵام لە هەمان کاتدا، هەردوو وڵاتەکە ئارەزووی بەرقەرارکردنی سەقامگیریی زیاتریان پێشانداوە، پێش ئەوەی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە ئەمریکا و تایوان بکرێت.
ئەم سەردانەی بلینکن بەرهەمی کۆبوونەوەیەکی تشرینی دووەمی شاری بالیی ئیندۆنیزیایە لە نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگی هاوتا چینییەکەی کە بڕیاربوو چوار مانگ لەمەوبەر بکرێت، بەڵام بەهۆی نالەباریی پەیوەندیی هەردوو وڵاتەکە، سەردانەکە کەوتە ئەمڕۆ.
دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند باڵۆنێکی "سیخوڕی" لە سنووری ئاسمانیی خۆیدا دۆزیوەتەوە، بلینکن سەردانەکەی بەشێوەیەکی کتوپڕ هەڵوەشاندنەوە.
بلینکن پێش ئەوەی بەرەو پەکین بکەوێتەڕێ، لە پایتەختی وڵاتەکەی گوتی، هەوڵدەدات "بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە" پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین بەڕێوەببات و رێگە بدۆزێتەوە بۆ دروستبوونی "لێکدانەوەی هەڵە" لە نێوان هەردوو وڵات.
بلینکن گوتی: "رکابەریی تووند پێویستی بەوەیە دیپلۆماسییێکی بەردەوام هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی رکابەرییەکە ناگۆڕدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوە یان ململانێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ