دوو رۆژە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت. دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی رووبەڕووی سەرکردەکانی ئەوروپایە کە لە رۆژی هەینییەوە 17-7-2020 دەستیپێکردووە و هەموو سەرکردەکان بە ماسکەوە لە کۆبوونەوەکە بەشدارن.
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدەن لەم کۆبوونەوانەدا بگەنە رێککەوتنێک بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی درێژخایەنی یەکێتیەکە بۆ 2 ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار، کە پێشتر هیچ کات بودجەکە نەگەییشتووەتە ئەو قەبارەیە.
ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی پەتای کۆرۆنا پاشەکشەی گەورەی کردووە و ئەندامەکانی ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەبێت بەشی زیاتری بودجەی یەکێتیەکە دابینبکات و چ وڵاتێکیش دەبێت وەریگرێت.
چاوەڕێدەکرێت ئەگەر ئەمڕۆ سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر تەرخانکردنی بودجەکە نەگەنە رێککەوتن، کۆبوونەوە دوو رۆژیەکە درێژبکرێتەوە.