باندە كوردەكانی نۆتینگهام هەڕەشە لە پۆلیسی بەریتانی دەكەن

19-01-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بەریتانیا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

باندێكی قاچاخچێتی كە هەموویان كوردن، بە پۆلیسی شاری نۆتینگهامیان گوتووە لە شەقامەكەی ئەوان نزیك نەبنەوە كە بە "شەقامی كوردی" ناوی دەركردووە و ناوەندێكی سەرەكیی كاری قاچاخێتییە لەو شارەدا. قاچاخچییەكان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەرتیلێكی زۆر بە پۆلیس بدەن، بەو مەرجەی مەلەفەكەیان دابخات. 


بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی، پۆلیس و ئەنجوومەنی شاری نۆتینگهام هەڕەشە و بەرتیلی باندە كوردییەكەیان رەتكردووەتەوە و هەڵیانكوتاوەتە سەر مینی ماركێتی گرووپەكە كە دەكەوێتە شەقامی هایسن گرین. زانیارییەكانی پۆلیس بۆ دادگای شاهانەی شارەكە دەریدەخات لە كاتی هێرشەكەدا دەستیان بەسەر جگەرەی نایاساییدا گرتووە كە بەهاكەی خۆی لە 34 هەزار پاوەند دەدات. 

لە كونێكی مینی ماركێتەكەدا كە ناوی دێلیكاتیسە، كۆچبەرێكی نایاساییش دۆزراوەتەوە كە بەپێی راپۆرتی پۆلیس وەكوو كۆیلە لەلایەن باندەكەوە لەو شوێنە دەستبەسەر كرابوو، كاری سەرەكیی ئەو كەسە ئەوە بووە جگەرە نایاساییەكان لە ژێرزەمینەوە رادەستی سەرەوە بكات. بە گوێرەی بەدواداچوونی پۆلیسی شارەكە، داهاتی ئەو جگەرە نایاساییە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی كاری قاچاخی مادەی هۆشبەر و مرۆڤ بەكارهێنراوە. لێكۆڵینەوەكە ئاشكراشی دەكات "بزنسمانێكی كورد ئامادەیی دەربڕیوە مانگانە 5000 پاوەند بە پۆلیس بدات، بەو مەرجەی لێكۆڵینەوە لە جگەرە قاچاخەكان راگرن". 

لێكۆڵینەوە بەراییەكانی پۆلیس وای دەردەخەن هەموو دووكانەكانی ئەو جادەیە لەژێر كۆنترۆڵی باندە كوردییەكەدا بن، خەڵكی ناوچەكەش پێیانوایە باندەكە لە پشت بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوەیە. 

مینی ماركێتەكە بەڕواڵەت خواردن و ترشیاتی ناو قوتووی دەفرۆشت، بەڵام پۆلیسی شارەكە پێیوایە ئەمانە هەمووی بۆ هەڵخەڵەتاندنی پۆلیس بوون، چونكە لەناو مینی ماركێتەكەدا شوێنی شاردنەوەی جگەرەی نایاسایی هەبوون، دوای هەڵمەتەكەی پۆلیسیش كۆمەڵێك شوێنی نوێیان دروستكردبوو. یەكێك لە شوێنە نهێنییەكان بەهۆی پلاكێكی كارەبایی كۆنترۆڵ دەكرا، هەندێك لە جگەرەكانیش لەناو قوتووی شەربەتی میوەدا شاردرابوونەوە. 

نۆتینگهام دەكەوێتە نێوەڕاستی ئینگلاند، بە شاری رۆبن هوود ناسراوە كە لە چیرۆكە فۆلكلۆرییەكاندا بە شارەزای تیروكەوان و شمشێر ناسراوە. بەگوێرەی گێڕانەوەكان پارەی لە دەوڵەمەندەكان دەدزی و بۆ هەژارانی دەبرد. شاری نۆتینگهام یەكێكە لەو شارانەی بەریتانیا كە بە پیشەسازیی تووتن و جگەرە بەناوبانگە. 

دادگای شاهانەی نۆتینگهام بڕیاری داوە بۆ ماوەی سێ مانگ مینی ماركێتەكە دابخات. لە بەشێك لە بڕیاری دادگای شاهانەی نۆتینگهامدا هاتووە "لەم وڵاتەدا هیچ شوێنێك نییە كە سەردانیكردنی بۆ پۆلیس قەدەغە بێت، رێگەش نادرێت هیچ شەقام یان دووكانێك هەبێت كە تێیدا تاوانكاران بە پارێزبەندیی یاساییەوە كاسبی بكەن. شتێكیش بەناوی شەقامی كوردی لەئارادا نییە". 

یەكێك لە تاوانەكانی ئەو باندە كوردییە ئەوە بووە كە كۆچبەرێكی نایاساییان بۆ كارەكانیان بەكارهێناوە. پۆڵ وێدن، بەڕێوەبەری بەشی پێوەری كاری بازرگانی سەبارەت بەو كۆچبەرە بە پەیامنێرانی راگەیاند "ژێرزەمینە نهێنییەكە پڕ كرابوو لە جگەرە، ئەو كۆچبەرە لەوێ دانرابوو، بۆ ئەوەی لەوێوە جگەرەكان بداتە دەست خەڵكی سەرەوە". كۆچبەرەكە دەبووایە رۆژانە هەشت كاژێر لە ژێرزەمینە نهێنییە بمێنێتەوە، وێدنیش پێیوایە "ئەو ژێرزەمینە گرتووخانە بووە. كۆچبەرەكە هەقی دەرچوونی نەبووە لە ژێرزەمینەكە، هیچ رێگەیەكی دەرچوونیش نەبووە كە لە كاتی تەنگانەدا بۆ راكردن بەكاری بهێنێ". 

بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس لە مانگی نیسانی 2016ەوە تاوەكو تشرینی یەكەمی پارساڵ لە 15 دووكان و فرۆشگادا دەست بەسەر جگەرەی نایاساییدا گیراوە كە 12 دووكانیان لە گەڕەكی هایسن گرین بوونە. دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە جەخت لەوەش دەكەنەوە كە قاچاخ و فرۆشتنی ئەو جگەرانە پەیوەندییان بە تۆڕێكی گەورەی قاچاخەوە هەیە.  

دیدار سینگ، تەمەن 61 ساڵ، خاوەنی ئەو دووكانەیە كە ئێستا داخراوە. دیدار بە ماڵپەڕی (نۆتینگهام پۆست)ی راگەیاندووە كە ئەو ئاگای لەوە نەبووە لەناو دووكانەكەدا چی دەگوزەرێت. دیدار لە دانیشتنی دادگای نۆتینگهامیشدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە "تاكە شتێك بۆ من گرنگە ئەوەیە ئەم دووكانە بژێوی منە و دوای بڕیارەكەی دادگا من لەو كرێیە بێبەش دەبم". 

دووكانەكە لە مانگی تشرینی یەكەمی پارساڵەوە لەلایەن ئەمین ئیسماعیل بەكرێ گیرابوو. ئەمین بە دادگای گوتووە "سوێند بە قورئان دەخۆم كە رووداوەكانی پێشتری ئەو دووكانە هیچ پەیوەندییەكیان بە منەوە نییە، دوایین جار كە پۆلیس هاتە دووكانەكە و هەندێك جگەرەی لە كارتۆنی شەربەتەكاندا دۆزییەوە، راستە ئەوانە هی من بوون، بەڵام بەڵێن دەدەم ئەمە هیچكات دووبارە نابێتەوە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە