گالەری

19-04-2024
30 Photos
تەنیا ئەحمەد

رووداو دیجیتاڵ/ وێنە: AFP

 

بەرفراوانترین هەڵبژاردن لە هیندستان دەستیپێکرد و هیندستانییەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان تاوەکو پەرلەمانی داهاتووی وڵاتەکە هەڵبژێرن. 
 
ئەمە قۆناخی یەکەمە لە حەوت قۆناخی هەڵبژاردن و تاوەکو 1ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت. لە 4ـی مانگیش ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
 
نزیکەی یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە. هەروەها زیاتر لە 130 ملیۆن کەس بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن. 
 
دوو حیزبی گەورەی هیندستان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنەکە دەکەن. پارتی گەلی هیندستان BJP کە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای هیندستان سەرۆکیەتی؛ لەگەڵ پارتی کۆنگرێسی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆن INC.
 
هەریەک لە حیزبەکان سەر بە هاوپەیمانییەکن؛ پارتی گەل لە هاوپەیمانیی دیموکراتی نیشتمانییە، کە بە NDA ناسراوە و 34 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینەی راستڕۆن. 

کۆنگرێسیش لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی هیندی بۆ گەشەپێدانی گشتگیر کە بە I.N.D.I.A ناسراوە و 23 حیزبی دیکەی تێدایە و زۆرینە چەپن.

لەگەڵ کردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان، نارێندرا مۆدی لە ئێکس بڵاویکردەوە: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم، بەتایبەت ئەوانەی یەکەمجارە دەنگدەدەن، بچن دەنگ بدەن. لە کۆتاییدا، هەموو دەنگێک گرنگە."

لەلایەکی دیکە، پارتی کۆنگرێسی ئۆپۆزسیۆن، کە بە رکابەری پارتی گەل دادەنرێت بڵاویکردەوە: "دەنگی ئێوە دەکرێت ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەڵاوسان، بێکاری، رق و کینە و نادادپەرەوەری. دڵنیابنەوە کە دەنگ دەدەن."