لە ئەمریکا خێزانى رفێندراوێکى داعش نامەیەک دەدەنە سوودانى

19-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانى رفێندراوێکى داعش لە ئەمریکا، چوونە لاى سەرۆکوەزیرانى عێراق داوایان کرد هاوکاریان بێت لە دۆزینەوەى تەرمی کچەکەیان، کە بەر لە 11 ساڵ لەلایەن داعشەوە رفێندراوە و دواتر کوژراوە.
 
کایلا میولەر لەساڵى 2013 لە شارى حەلەبی سووریا رفێندرا، دوو ساڵ دواتر کوژرا، خێزانەکەى لە سەردانەکەیان بۆ لاى محەممەد شیاع سوودانی نامەیەکیان رادەستکرد و داوایانکرد هاوکاریان بێت لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەى تەرمى کچەکەیان و گەڕاندنەوەى بۆ وڵاتەکەى.
 
ئەو کچە ئەمریکییە کاتێک رێکخراوى داعش رفاندى تەمەنى 25 ساڵ بوو، وەک فریاگوزارێکی پێشکێشکردنى هاوکارى کارى کردووە. 
 
بەگوێرەى راگەیاندنى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سوودانى بە خێزانەکەى میولەرى گوتووە: "دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوە دەکەن" بۆ گەیشتن بەهەر زانیارییەک، کە بیانگەیێنێتە تەرمى کچەکەیان.
 
ساڵى 2022 یەکێک لە رزگاربووانی دەستى داعش لەبەردەم دادگەیەکى ئەمریکى رایگەیاندبوو، تایلەر لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش "دەستدرێژی کراوەتە سەر".
 
ئەمریکا ئۆپەراسیۆنى سەربازیی کوشتنى بەغدادى لە ساڵى 2019 بەناوى کایلا میولەر ناونا، راوێژکارى پێشووى ئاسایشى نەتەوەیی ئەو وڵاتە ئەو کاتە گوتى ناونانەکە "لەپێناو هێنانەدى دادوەرى بووە بۆ ئەو کچە و هەموو ئەو رۆژنامەنووس و هاووڵاتییە ئەمریکیانەى داعش کوشتوونى".
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە