رووداو دیجیتاڵ
وڵاتی چین لە رێگەی رۆبۆتەکانیەوە سنوورەکانی توانای مرۆڤی تێپەڕاند و ریکۆردێکی نوێی جیهانیی لە 'نیوە ماراسۆن'دا تۆمار کرد. رۆبۆتی "هۆنەر" (Honer) لە دەستکەوتێکی بێ پێشینەدا، توانی نیوە ماراسۆنێکی 21 کیلۆمەتری بە تەنیا 48 خولەک ببڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ریکۆردی جیهانی بۆ مرۆڤ لە هەمان مەودادا نزیکەی 57 خولەکە، واتە رۆبۆتەکە زۆر خێراتر بووە لە مرۆڤ.
کێبڕکێی رۆبۆتەکان لە چین
دووەمین ماراسۆنی نیوەی چین، گۆڕەپانی ململانێی 300 رۆبۆت بوو کە لە چوارچێوەی 100 تیمی جیاوازدا بەشداربوون. هەرچەندە کێبڕکێکە نێودەوڵەتی بوو، بەڵام تەنیا 5 تیمی بیانی تێیدا بەشداربوون و زۆرینەی رۆبۆتەکان بەرهەمی نێوخۆیی چین بوون.
چین؛ پاشای رۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ
ئەم سەرکەوتنە تەکنەلۆژیە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئێستا چین بە تەنیا 80%ی رۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ (Humanoid Robots) لە جیهاندا بەرهەمدەهێنێت. حکومەتی پەکین ساڵانە بڕی 100 ملیار دۆلار لە پیشەسازیی رۆبۆت و ژیریی دەستکرددا وەبەرهێنان دەکات، ئەوەش وایکردووە ببێتە پێشەنگی بێ رکابەری ئەم بوارە.
سەربەخۆیی رۆبۆتەکان و ئەنجامی کۆتایی
لە کاتی کێبڕکێکەدا، 40%ی رۆبۆتەکان بە شێوەیەکی تەواو خۆکار (Autonomous) و بێ چاودێریی مرۆڤ رێگەکەیان بڕی.
سەبارەت بە رۆبۆتی "هۆنەر" کە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لیژنەی سەرپەرشتیار دوای وردبینی لە رێنماییەکان، کاتەکەیان لە 48 خولەکەوە بۆ 50 خولەک گۆڕی. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رۆبۆتەکە چاودێریی مرۆیی هەبووە، جارێک پاترییەکەی لە دەم رێگادا گۆڕدراوە و لە چەند شوێنێکیشدا هێڵی دیاریکراوی پێشبڕکێکەی بەزاندووە. سەرەڕای ئەم سزایەش، هۆنەر هەر بە یەکەمی مایەوە و ریکۆردی مرۆڤی بە جیاوازییەکی زۆر شکاند.
ئەم هەنگاوەی چین، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، رۆبۆتەکان نەک تەنیا لە کارگەکان، بەڵکو لە کێبڕکێ وەرزشییەکانیشدا دەبنە جێگرەوەی مرۆڤ.