رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بە هاوئاهەنگی کێشەکان تێبپەڕێنن، پاڵپشتی رێکخراو و ئاژانسە جیهانییەکان بکەن بۆ بنیادنانی جیهانێکی باشتر، "چونکە ئەم سەدەیە تەواو جیاوازە لە پێشووتر." هۆشداریشی لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دا ئەگەر ئەو تەکنەلۆژیایە بەباشی کۆنترۆڵ نەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی کۆمەڵێک پرسی جیاوازی کرد، لەوانە: جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەی لەگەڵ چین، چەکی ئەتۆمی و ئێران، گۆڕانی کەشوهەوا و ژیریی دەستکرد.
بایدن رایگەیاند، "پێویستە ئێمە دەست لەناو دەست پێکەوە هەوڵبدەین ئەم جیهانە خۆشتر و بەهێزتر بکەین، ئێستا جیهان لە دۆخێکی سەختدایە، دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاربکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆمان و نەوەکانی دوای ئێمە."
"ژیریی دەستکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکتر بەکارمەهێنن"
بایدن لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، پێویستە پێش ئەوەی خزمەتگوزارییەکی ژیریی دەستکرد بۆ خەڵک بەردەست بێت، دڵنیاببنەوە لە سەلامەتی و پارێزراوییەکەی. هەروەها پێویستە حکومەتەکان ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ بکەن، نەک بەپێچەوانەوە.
بایدن دەشڵێت، پێویستە ئەو ئامرازانە وەکو دەرفەت بۆ بەرەوپێشچوون بەکاری بهێنن، نەک وەکو چەکی سەرکوتکردن دژی یەکدی.
"رووسیا وا دەزانێت رێگە دەدەین ئۆکراینا داگیربکات"
ئەو بەشەی بایدن لە گوتارەکەیدا لەبارەی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا گوتی، کورت بوو، بەڵام بە روونی جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا کردەوە. ئاماژەی بەوەکرد، رووسیا بە تەنیا لە بەردەم ئاشتیی جیهان دا وەستاوە، بۆیە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی کردنی ئازادی و هاوکاریی تەواوی ئۆکراینا دەکەن.
لەبارەی هاوکارییەکانیشیان رایگەیاند، هەرچەندە رێگری دروست دەکرێت لە بەردەم گەیاندنی هاوکاریی بە ئۆکراینا، بەڵام وڵاتەکەی پارە و پێداویستیی زیاتر بۆ ئۆکراینییەکان دابین دەکات. بایدن گوتیشی، "رووسیا وا دەزانێت جیهان لە دەستدرێژییەکانی بۆ ئۆکراینا ماندوو دەبێت و رێگەی دەدات ئۆکراینا داگیربکات" بۆیە داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەردەوام بن لە "بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و دەستدرێژییەکانی بۆ نێو خاکی ئۆکراینا."
"هیچ شوێنێک هێندەی [چین] گرنگ نییە"
لەبارەی رکابەرییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین دا، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە: "ئێمە دەمانەوێت رکابەرایەتییەکەمان لەگەڵ وڵاتی چین بەرپرسیارانە بێت و نەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی. هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی دەریا لەو ناوچەیە پارێزراوبێت، "چونکە هیچ شوێنێک هێندەی ئەو ناوچەیە [چین] گرنگ نییە، هیوادارین لە داهاتوو بتوانین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەسەر ئاستەنگەکاندا سەربکەوین."
بایدن لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران چی گوت؟
لە چەند رۆژی رابردوو، پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە ئازادکران و بە فڕۆکەیەک رەوانەی ئەمریکا کرانەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا شەش ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێرانی گەڕاندەوە، سەرەڕای ئەو رێککەوتنە، بایدن جارێکی دیکە هەڵوێستە تووندەکەی ئیدارەکەی بەرامبەر بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ تاوتوێکردنی چالاکییەکانی ئێران کە ناسەقامگیریی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش دروست کردووە. سووریشین لە پابەندییمان کە هەرگیز نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."
"پێویستە وڵاتانی دیکەش بەشداری لە هاوئاهەنگییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن"
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەشداریپێکردنی وڵاتان لە رێکخراوە جیهانییەکان رایگەیاند، "ئێمە لە کۆبوونەوەی لووتکەی G20 رەزامەندیمان پێشاندا تاوەکو باشووری ئەفریقا ببێتە یەکێک لە ئەندامانی لووتکەکە، هاوبەشی کردن کارێکی گرنگە و پێویستە دەنگ و رەنگی زیاتر بهێنینە ناو هاوئاهەنگییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، وەکو دەبینن وڵاتانی ناوچەی کاریبی [ئەو وڵاتانەی لەسەر دەریای کاریبین لە کیشوەری ئەمریکا] هاوئاهەنگییان لەگەڵ وڵاتانی دیکە و خەڵکی خۆیاندا نییە، ئێمە هانی سەرکردەکانیان دەدەین بۆ بەشداریکردنی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاوڵاتییەکانیان بکەن."
گەیاندنی سیستمی تەندروستیی باش بە جیهان
لەبارەی رێگەکانی چارەسەری "ئاستەنگەکانی بەردەمیان" جۆ بایدن باسی لەوە کرد: "دەبێت لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە سیستمی تەندروستیی باش بگەیەنینە هەموو جیهان و ناوچە دوورە دەستەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هاوکاریی تەواوی ئەو هەوڵانە دەکات."
لەو چوارچێوەیەدا بایدن گوتی، "داوام لە کۆنگرێسی وڵاتەکەم کردووە تاوەکو پارەی زیاتر تەرخان بکەن بۆ رێکخراو و ئاژانسە جیهانییەکان کە لە وڵاتاندا بۆ هاوکاریی مرۆیی بڵاوبوونەتەوە، لە رێگەی بانکە جیهانییەکانەوە پێویستە هاوکاریی دارایی ئەو وڵاتانە بکرێت کە دەیانەوێت ژێرخانی ئابوورییان بەهێزبکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ