رووداو - هەولێر
گۆریلایەک هۆکار بووە بۆ ئەوەی زانایان بە تێگەیشتنێکی نوێ لەبارەی لێکچوونی جینێتیکی نێوان مرۆڤ و جۆرێک لە مەیموونەکان بگەن، کە مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە.
زانایان نموونەیەکی نوێكراوەی جینۆمی "دی ئێن ئەی" گۆریلایەکی 11 ساڵەیان شیکردووەتەوە، کە ناوی سوزییە و لە باخچەی ئاژەڵانی کلۆمبسی ئۆهایۆی ئەمریکا دەژیێت.
لەو توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە گۆریلا و مرۆڤ زیاتر لەوەی گریمان کراوە هاوشێوەی یەکدین و جینۆمەکانیان تەنها 1.6% جیاوازییان هەیە.
بەپێی جینۆمی نوێ، هەندێک لە جیاوازییە جینییەکانی نێوان مرۆڤ و گۆریلا، لە چەند روویەكەوە دەردەکەون؛ لە سیستەمی بەرگریی و زاوزێی جەستەدا، لە بەشە هەستەوەرەکاندا، لە بەرهەمهێنانی کراتین کە پرۆتینی پێویست بۆ موو و نینۆک دابین دەکات، هەروەها لە رێکخستنی ئەنسۆلین کە هۆرمۆنێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی شەکری خوێن.
بەهۆی دەرکەوتنی ئەو جیاوازییانەوە، ئاسانکاری بۆ پزیشکان دەکرێت لە دەستنیشان کردنی ئەو شوێنانەی جینۆمی مرۆڤ، کە زانیاری زیاتر بە دەستەوە دەدەن، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە ئاڵۆزەکانی وەک نەخۆشییەکانی زمان، دەمار و نەخۆشییەکانی رەفتار.
توێژەران لەو بڕوایەدان تەكنەلۆجیای بۆماوەیی و زیندەوەرزانیی بەراوردکاری بەڕادەیەک پێشکەوتووە، کە دەکرێت بە وردی جینۆمی مەمکدارەکان لە تاقیگەدا بەرهەم بهێندرێت. هەروەها دەشکرێت ئەو توانایە لە زانستی پێوەندیدار بە پێگەیشتنی جینۆم و زیندەوەرزانی جۆرەکاندا هەیە، شۆڕشێکی بە دوادابێت.
تاقیگەی زانکۆی واشنتن، کە سەرپەرشتی ئەو توێژینەوەیە دەکات، ئێستا کار بۆ پێکهێنانی ناوەندێک دەکات، کە سەرچاوەیەکی تەواوی جیاوازییەكانی نێوان مرۆڤ و مەیموونە گەورەکانی وەک گۆریلا، ئورانگوتان، شامپانزە و بنوبووەکان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ