ئۆباما رێكۆردێكی لە کتێبی گینس شكاند

20-05-2015
کارزان رەسوڵ
نیشانەکردن ئۆباما کتێبی گینس
A+ A-
رووداو - ئاژانسەکان

باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ریكۆردێكی لە ژمارە پێوانەییەکانی ناسراو بە کتێبی گینس شکاند، دوای ئەوەی لە ماوەی 5 کاژێردا ژمارەی فۆڵۆکانی ئەكاونتی تویتەرەکەی ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند.

پێگەی هافینگتۆن پۆستی ئەمریکی رایگەیاندووە، کتێبی  گینس روونیکردووەتەوە كە ژمارەی ئەو کەسانەی فۆڵۆی ئەژماری تایبەتی باراک ئۆبامایان کردووە، دوای کردنەوەی لە ماوەی 5 کاژێردا ملیۆنێك كەسی تێپەڕکردووە.

پێشووتر ئەو ژمارە پێوانەیەی تویتەر لە کتێبی گینسدا بە ناوی رۆبەرت داونی، گۆرانیبێژی ئەمریکی کرابوو، کە لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ژمارەی فۆڵۆکانی ئەژمارەکەی گەیشتبووە ملیۆنێک کەس، بەڵام کردنەوەی ئەژماری سەرۆکی ئەمریکا ئەو ناسناوەی لەو هونەرمەندە ئەمریکییە سەندەوە.

رۆژی 17 ی ئایاری 2015 ، باراک ئۆباما ئەژمارێکی تایبەت بە خۆی لە تویتەر کردەوە، لەیەکەم تویتیشیدا نووسی " های تویتەر، من بەڕاستی باراک ئۆبامام، کە دوای 6 ساڵ توانیم ئەژمارێکی تایبەت بە خۆم لە تویتەر بکەمەوە".

لە راگەیێندراوێکیشدا کۆشکی سپی رایگەیاند " کردنەوەی ئەژماری سەرۆک ئۆباما رێگەیەکی نوێی سەرۆکە بۆ نزیکبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ گەلی ئەمریکا، لەرێگەی توویتەکانی خەڵکەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە