وەرزشڤانێکی سنە ریکۆردێکی کتێبی گینس دەشکێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن میلاد کەمال کتێبی گینس
A+ A-
رووداو دیجیتال

میلاد کەمال، وەرزشڤانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی پێوانەیی کتێبی گینسی بە لێدان بەبۆکس و قاچ لە کتێبی گینس شکاند.
 
ئەو وەرزشڤانە پێشتر یاریزانی کۆنفۆ بووە و پاڵەوان بووە، دواتر یاریی تۆپی دەستی کردووە و گەیشتووەتە ریزی هەڵبژاردەی ئێران، خولیای شاخەوانی هەیە و چوار ساڵە لە هەولێر دەژی و وەک راهێنەری یاریی لەشجوانی و لەشڕێکی کار دەکات.
 
پێشتر ریکۆردی ژمارەی پێوانەیی لە لێدان بەبۆکس و قاچ لە کیس بەناوی ریکاردۆ سێراڤێلی، وەرزشڤانی ئیسپانی بوو کە خەڵکی شاری مەدریدە و ساڵی 2021 بیست و حەوت کاژێر و پازدە خولەک بەبێ وەستان ئەو کارەی کرد، بەڵام میلاد توانی 40 کاژێر و چل خولەک و چل چرکە بەبێ وەستان لە هەولێر ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات.
 
میلاد کەمال، وەرزشڤانی کورد دوای تۆمارکردنی ریکۆردە نوێیەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەوەی دڵی خۆشکردم لە رۆژی ئاڵای کوردستان توانیم ریکۆردی ژمارە پێوانەییەکانی کتێبی گینس بشکێنم. ئەو سەرکەوتنە پیرۆزە لە سەرۆک بارزانی، کارەکەم زەحمەت بوو، بەڵام هیچ شتێک کورد ناشکێنێت".
 
دوو چاودێری ئێرانی کە لە کتێبی گینس کاردەکەن لەسەرەتاوە چاودێریی پڕۆسەکەیان کرد، تەواوی ڤیدیۆی تۆمارکراوی پاڵەوانە کوردەکە لەگەڵ راپۆرتی خۆیان بۆ کتێبی گینس دەنێرن.
 
ئەشکان زیاریم نوێنەری کتێبی گینس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "ئێمە کە رۆژی یەکەم میلادمان ناسی پێمانی گوت کە دەیەوێت ریکۆردی ژمارەی پێوانەیی گینس تۆمار بکات. لە ئێرانەوە وەک نوێنەری گینس هاتووین بۆ هەولێر بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی ئەو پێدوایستی و تۆمارانەی کە بۆ ئەو کارە پێویستە جیبەجێیان بکەین و دواتر بۆیان بنێرین، گرنگترین شت لەو کارەدا کامێرا و ڤیدیۆی تۆمارکراوە، سێ کامێرا بەشێوەیەکی بەردەوام بەبێ پچڕان دیمەنی تۆمارکرد و هەموو دیمەنەکان و راپۆرتی خۆم بۆ گینس دەنووسم، ئەوان دوای پشکنینی تەواو سێ مانگی دیکە ئەنجامەکە پەسند دەکەن".
 
کتێبی گینس ساڵانە ژمارە پێوانەییەکان بڵاو دەکاتەوە، یەکەم ژمارەی لە 1955 بڵاوکرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە